ئافرەتێكی كەڕولاڵ لە نێوان دوو وەزارەتدا گیری خواردووە

0
301

نەجیبە هەوڵی خنكاندنی منداڵێكی داوە و لە بەساڵاچووەكانی داوە
نەجیبە هەوڵی خنكاندنی منداڵێكی داوە و لە بەساڵاچووەكانی داوە

رووداو-هەولێر

ئافرەتێكی كەڕولاڵ لەنێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گیرۆدە بووە، رۆژێك دەبرێتە خانەی بەساڵاچووان، رۆژێك لە شەڵتەرە و رۆژێكیش دەبرێتە نەخۆشخانەی دەروونی. بەڕێوەبەری  گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دەڵێ دەبێت وەزارەتی تەندروستی كێشەكەی چارەسەر بكات و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی سلێمانیش دەڵێ: “دەبێت لە خانەی بەساڵاچووان دابنرێ”.

نەجیبە ئافرەتێكی كەڕولاڵە، تەمەنی 39 ساڵە و خەڵكی دەڤەری بیتوێنە. ئەو پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو كە برایەك و سێ خوشكی هەن، بەڵام ئامادەنین بەخێوی بكەن و دەریانكردووە.

ئەو ئافرەتە زۆربەی كات لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكانی هەولێر دەبینرێ، ئەو بە ئاماژەكانی دەریدەبڕێ كە گێچەڵ و سووكایەتی پێدەكرێت و هەندێكجاریش ئەشكەنجە دراوە.

رۆژی 28/3/2019 دوو كارمەندی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە سلێمانی نەجیبە دێننەوە هەولێر و لەبەردەم ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر دایدەنێن و دەڕۆن.

كامەران تۆفیق، بەڕێوەبەری ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: “چەند كارمەندێكی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی ئەو كەیسەیان هێنابوو بۆ لای ئێمە و بەبێ ئەوەی ئێمە واژۆی وەرگرتنی بكەین، لێرە بەجێیانهێشتبوو، مامەڵەیەكی زۆر نامرۆڤانە و كارێكی زۆر خراپیان كردووە، چونكە چارەسەركردنی نەجیبە ئیشی ئەوان بوو نەك ئێمە، بێجگە لەوەش ئەو كەیسە خەڵكی رانیەیە و لە سنووری ئەوانە نەك ئێمە”.

كەیسی نەجیبە، وەك كامەران تۆفیق باسی دەكات، هیچ پەیوەندی بە خانەی بەساڵاچووانەوە نییە، بەڵام ئەوان بۆ ئەوەی نەجیبە لەبەر باران نەمێنێتەوە، بەشێوەیەكی كاتی لەلای خۆیان هێشتوویانەتەوە.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە هەولێر، سەبارەت بە كەیسی ئەو ئافرەتە گوتی: “ئەگەر چارەسەری كەیسی نەجیبە لەلای ئێمە بووایە دەمانكرد، بەڵام چارەسەرەكەی لەلای وەزارەتی تەندروستییە، هەركاتێك چارەسەریان كرد، ئێمە ئامادەین بیبەین بۆ شەڵتەری ژنان”.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە هەولێر، ئەو ئافرەتە مەترسییە بۆ سەر ژیانی ئەوانی دیكە، یوسف چاوشین گوتی: “ئێمە پێشتر بردوومانە بۆ خانەی بەساڵاچووان و شەڵتەری ژنانیش، بەڵام بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەوان، ئەوكاتەی لە شەڵتەر بووە هەوڵیداوە منداڵێك بخنكێنێ. كە لە خانەی بەساڵاچووانیش بووە لە بەساڵاچووەكانی داوە، شتی شكاندووە، بۆیە پێویستە ئەو ئافرەتە لەژێر چاودێریی وردی تەندروستیدا بێت”.

لەبارەی هێنانەوەی نەجیبەش بۆ هەولێر، یوسف چاوشین دەڵێ: “كارمەندەكانی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی نەجیبەیان هێناوەتە بەردەم ماڵی بەساڵاچووان و بەجێیانهێشتووە بەبێ ئەوەی ئێمە بە فەرمی وەریبگرین، نەدەبوو ئەو كارە بكەن”.

بەڵام دكتۆر لاڤە دارا عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە سلێمانی و پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان دەڵێت: “نەجیبە بە بڕیاری لیژنەیەكی حەوت كەسی و بە ئاگاداری وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ هەولێر، چونكە دوای ئەوەی لیژنەكە بینیویەتی و هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە، ئەو خزمەتگوزاریانەی لە نەخۆشخانەی ئێمە پێشكەشی نەخۆشەكان دەكرێ ئەم كەیسە ناگرێتەوە”.

دكتۆرە لاڤە گوتیشی: “نەجیبە نەخۆش نییە، بەڵكو كێشەكەی ئەوەیە كەڕولاڵە، بۆیە ئەم نەخۆشە پێویستی بە سەنتەرێكی تایبەت هەیە كە لە زمانی جەستە تێبگەن، چونكە نەجیبە دەبێت بە زمانی جەستە قسەی لەگەڵ بكرێ، هەر بۆ تاقیكردنەوەش لەسەر فەرمانی وەزیری تەندروستی ماوەی 40 رۆژ لەلای ئێمە مایەوە و هەوڵی زۆرمان لەگەڵدا و دەرمان و چارەسەری دەروونی پێدرا، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە هەر گوناهیش بوو ژنێكی گەنج لەناو ئەم هەموو نەخۆشە دەرووییانەدا بمێنێتەوە، بۆیە بە فەرمانی لیژنەكە و ئاگاداری وەزیری تەندروستی ناردمانەوە ئەو شوێنەی لێمان وەرگرتبوون”.

نەجیبە بە ئاماژەكانی دەستی دەیویست بڵێ كە هەردوو دەستیان بەرزكردووەتەوە و هەڵیانواسیوە و ئەشكەنجەیان داوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی دەڵێ: “كاتێك هێنایان بۆ لای ئێمەش، ئەو ئاماژانەی دەكرد، پێدەچێت كاتێك لەسەر شەقام بووبێت گێچەڵیان پێكردبێت و ئازاریان دابێت”.

دەستەی مافی مرۆڤ قسەیەكی دیكە دەكات. محەممەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ بە (رووداو)ی راگەیاند: “حكومەت و وەزارەتەكانی تەندروستی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی مافی مرۆڤ و دەزگا ئەمنییەكانیش هیچ كەمتەرخەم نەبوون بەرامبەر ئەم ئافرەتە، بەڵكو ئەوەی كەمتەرخەمە خۆی و كەسوكاری خۆیەتی، چونكە ئەو ئافرەتە هیچ كێشەیەكی دەروونی نییە و تەنیا كەڕولاڵە، بۆیە تەنیا چارەسەر ئەوەیە بچێتەوە لای كەسوكارەكەی”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here