ئۆكراینا دەبێتەوە بە مەیدانی ململانێی مۆسكۆ و واشنتن

0
10

پێترۆ پۆرۆشینکۆ، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ سەربازەکانی وڵاتەکەی لەسەر سنووری رووسیا، فۆتۆ: AFP

كێشەی گەرووی كێرچ لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا بۆ سەرەتای هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە

رووداو- هەولێر

سێ ساڵ دوای رێككەوتنی ئاگربەستی مینسك، رووسیا و ئۆكراینا جارێكی دیكە مل لەبەر ملی یەك دەنێن، ئەمجارەیان لە گەرووی كێرچ كە دەكەوێتە نێوان هەردوو دەریای ئازۆڤ و دەریای رەش. لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخەكە كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام ئۆكراینا خەریكە جارێكی دیكە دەبێتەوە بە مەیدانی سەرەكیی ململانێی رووسیا و ئەمریكا. ناتۆ هێرشەكانی ئیدانە كردووە، بەڵام دیار نییە هەنگاوی داهاتوویان بۆ رێگری لە رووسیا چی دەبێ؟

رۆژی 25ی تشرینی دووەم، هێزی دەریایی رووسیا دەستی بەسەر دوو بەلەمی سەربازی و بەلەمێكی یەدەكی ئۆكراینیدا گرت، لەو هەڵمەتەدا 24 كەس لە ستافی سێ بەلەمەكە لەلایەن هێزە رووسییەكانەوە دەستبەسەركراون، كە شەش كەسیان برینیان هەیە. هەردوو حكومەتی كێڤ و مۆسكۆ، وێڕای تۆمەتباركردنی یەكدی، داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە. 

پەیماننامەیەكی هەڵوەشاو

كێشەی گەرووی كێرچ لە نێوان حكومەتی رووسیا و ئۆكراینا بۆ سەرەتای هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەگەڕێتەوە. ساڵی 2003 هەردوو وڵات بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو گەرووە لەسەر ئەوە رێككەوتن كە دەریای ئازۆڤ و گەرووی كێرچ وەكو ناوچەی هاوبەشی ئاوی مامەڵەی لەگەڵ بكرێ. بەڵام لەدوای دەستگرتنی رووسیا بەسەر نیمچە دوورگەی كریمیا و یارمەتی رووسیا بۆ جوداخوازەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، پاراستنی ئەو رێككەوتنەش كارێكی ئاسان نییە.

بە بۆچوونی حكومەتی رووسیا لە پاش لكاندنی كریمیا بە خاكی رووسیا لە ساڵی 2014، رێككەوتنەكەی 2003 هیچ بەهایەكی نەماوە. پاش كەوتنی حكومەتی ئۆكراینا لە كریمیا، حكومەتی رووسیا لە سێ لاوە (واتە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشوورەوە) بەسەر دەریای ئازۆڤدا دەڕوانێ و هەردوو دیوی گەرووی كێرچیش لە دەست حكومەتی رووسیا دایە، بۆیەش كریملین جەخت لەوە دەكاتەوە كە گەرووی كێرچ بەشێك لە خاكی رووسیا و چیدی بەشی ئۆكراینای پێوە نییە. لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە حكومەتی مۆسكۆ پردێكی لە نێوان دیوی رووسیا و كریمیای گەرووەكە دروستكردووە. 

حكومەتی كێڤ و زۆرینەی وڵاتانی جیهان تاوەكو ئێستاش كریمیا بە بەشێك لە خاكی رووسیا نازانن، ئەمەش مەشرووعییەتی ئیدیعاكەی رووسیا لە دەریای ئازۆڤ و گەرووە ستراتیژییەكە دەباتە ژێر پرسیارەوە.

لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە ئۆكراینا رایگەیاندووە، بەنیازی دروستكردنی بنكەیەكی دەریاییە لە دەریای ئازۆڤدا، دوای ئەوەی رووسیا كێشەی بۆ هاتوچۆی ئەو كەشتی و بەلەمانە دروست دەكرد كە بەرەو كەنارئاوەكانی ئۆكراینا دەچوون. ئارامی و سەقامگیری دۆخی ئەمنی دەریای ئازۆڤ بۆ ئابووریی ئۆكراینا گرنگە.

شەڕ و پێكدادانی ناوبەناوی نێوان هێزەكانی ئۆكراینا و هێزە جوداخوازەكانی ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. حكومەتی كێڤ دەڵێت رووسەكان چەك، سەرباز و راوێژكاریی سەربازی رەوانەی ئەو ناوچەیە دەكەن و هەر ئەمەش وایكردووە ئەو ناوچەیە لە 2014ەوە تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی دیفاكتۆ لە ژێر دەسەڵاتی جوداخوازەكاندا بێ. چاوەڕێ دەكرێ تێكچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی دەریای ئازۆڤ و گەرووی كێرچ دۆخی رۆژهەڵاتی ئۆكرایناش ئاڵۆزتر بكات، بەو شێوەیەش رێككەوتنی 2015ی مینسك بە ناوبژیوانی ئەڵمانیا و فەرەنسا هەڵوەشێتەوە.

رۆژی دووشەممە سەرۆكایەتی حكومەتی ئۆكراینا بڕیاری “حكومەتی سەربازی” لە 10 پارێزگای ئەو وڵاتە راگەیاند، ئەوە یەكەمجارە لە 27 ساڵی سەربەخۆیی ئۆكراینادا، فەرمانێكی لەو جۆرە دەربچێ كە زۆربەی لایەنەكانی ئۆكراینا پشتگیری لێدەكەن. ئەو 10 پارێزگایە دەكەونە باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، 40%ی دانیشتووانی ئۆكراینایان لەخۆگرتووە و بەشی هەرە زۆریان بە رووسی قسە دەكەن و دژی دەسەڵاتدارانی ئێستای وڵاتەكەیانن. حكومەتی پێترۆ پۆرۆشێنكۆ، سەرۆكی ئۆكراینا، رایگەیاندووە ئامانج لەو بڕیارە بەهێزكردنی باڵی سەربازی و دەریایی حكومەتە لەو ناوچانە. 

هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە تەنیا هەڕەشەی ئەمنیی رووسیا هانی پێترۆ پۆرۆشێنكۆ، سەرۆككۆماری ئۆكراینای نەداوە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانە دەربكات، بەڵكو بەشێكی بۆ هێشتنەوەی پۆرۆشینكۆی خۆیەتی، لە كاتێكدا بڕیارە كەمپینی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئۆكراینا لە كۆتایی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دەستپێبكەن.

بە ێی یاسای ئۆكراینا، لە دۆخی “حكومەتی سەربازی”دا هەڵبژاردن بەڕێوەناچێ، گوشاری ئۆپۆزیسیۆن حكومەتی پۆرۆشینكۆی ناچار كرد ماوەی رژێمە سەربازییەكە لە 60 رۆژەوە بۆ 30 رۆژ و ژمارەی پارێزگاكان ژێر ئەو سیستەمە لە 25 پارێزگاوە بۆ 10 پارێزگا كەمبكاتەوە. وەك باوە رژێمی سەربازی ئازادی رادەربڕین، رەخنەگرتن لە حكومەت و كەمپینكردن یەكجار كەمدەكاتەوە.
ماموكا تسێرێتلی، لێكۆڵەر لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، لە وتارێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “رووسیا دەیەوێ دنەی كاردانەوەی سەربازیی ئۆكراینییەكان بدات، لەو حاڵەتەشدا رووسیا بیانووی ئەوەی دەستدەكەوێ هەڵمەتێكی سەربازی بەرفراوان لە ناوچەكەدا دەستپێبكات و دۆخی ئەمنیی ئۆكراینا ناسەقامگیر بكات، لە لایەكی دیكەشەوە لە ئۆكراینا ئەو بۆچوونە بڵاوبكاتەوە كە حكومەتەكەی پۆرۆشێنكۆ توانای پاراستنی ئاسایشی ئۆكراینای نییە”.

ئۆكراینا و رۆژئاوا دەتوانن چی بكەن؟

پاڵنەری پشت رووداوەكانی گەرووی كێرچ هەرچی بن، كێشەی ئۆكراینا و رووسیا بۆ رۆژئاواییەكان بایەخێكی جیۆپۆلیتیكی گەورەی هەیە، لەبەر ئەوەی جوگرافیای ململانێكان لە سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ نزیكە. جیا كێشەكانی نێوان مۆسكۆ و كێڤ لە درێژەی ئەو هەوڵانەدان كە رووسیا لە ساڵی 2008ەوە بۆ چاودێریكردنی كۆمارەكانی پێشووی یەكێتیی سۆڤیەت دەستیپێكردووە، یەكەمجار لە رێگەی جوداخوازەكانی ئوسێتیای باشوور لە جۆرجیا دەستیپێكرد.

ناوەندی ستراتفۆری ئەمریكی بە دووری دەزانێ هاوكارییە سەربازییەكانی ناتۆ و ئەمریكا بۆ حكومەتی ئۆكراینا بتوانێ لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەكە دروست بكات، لەبەر ئەوەی بەهێزكردنی هێزی دەریایی ناتۆ ساڵانێكی زۆری دەوێ، بەو دۆخەی ئێستای هێزی دەریایی ئۆكرایناش، هەموو هەوڵێكی ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا شكستدەهێنێ.

رۆژی هەینیی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا چارەنووسی كۆبوونەوەی خۆی و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیای بە ئازادكردنی 24 بارمتە ئۆكراینییەكەوە بەستەوە. پێشتر بڕیار وابوو سەرۆكی هەردوو وڵات لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گروپی 20 لە ئەرجەنتین كۆببنەوە. هەمان رۆژ ئانگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا، سەرەڕای ئیدانەكردنی هەوڵەكانی حكومەتی رووسیا لە گەرووی كێرچ، هیچ بەڵێنێكی هاوكاری سەربازی بە ئۆكراینا نەدا و ئاماژەی بۆ ئەوەش نەكرد ئاخۆ یەكێتیی ئەوروپا پلانی سەپاندنی هیچ سزایەكی نوێی هەیە یان نا. تسێرتێلتی جەخت لەوە دەكاتەوە “ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای نوێ بەسەر رووسیادا نەسەپەنێ ئەوە رووسیا ورەی زیاتر پەیدا دەكات”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here