ئیبراهیم رەئیسی؛ رکابەری سەرەکیی حەسەن رووحانی

0
196

رەئیسی لە تەمەنی 20 ساڵییەوە لە دەزگای داد بەرپرسیارێتی هەیە

 رووداو – هەولێر

ئیبراهیم رەئیسی، لەنێو دەزگای دادی ئێران پێگەیشتووە و ئێستا بەرپرسی یەکێک لە گەورەترین ناوەندە مەزهەبییەکانی جیهان، مەزارگەی ئیمام رەزایە لە شاری مەشهەد و رکابەری سەرەکیی حەسەن رووحانییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا.

ئیبراهیم رەئیسی 57 ساڵ پێش ئێستا لە گەڕەکی نەوغان لە مەشهەد لەدایکبووە. قۆناخەکانی خوێندنی لە مەشهەد و قوم تەواوکرد. لە تەمەنی 20 ساڵی بووە سەرۆکی دەزگای داد لە کەرەج و، دواتر بەرپرسیاریەتی دادی هەمەدانیشی پێسپێردرا.

لە تەمەنی 30 ساڵی رەئیسی بۆ تاران گواسترایەوە و، بووە جێگری سەرۆکی دەزگای دادی تاران. رەئیسی هەروەها ئەندامی ئەو لیژنە چوار کەسییە بوو، کە لە هاوینی ساڵی 1367ـی هەتاوی بڕیاری لەسێدارەدانی هەزاران گیراوی سیاسیان دەرکرد.

ژمارەیەک لەو زیندانیانە کە ئەوکاتە لە گرتووخانەکان راگیرابوون، کورد بوون، کەچی تاوەکو ئێستا رەئیسی لەبارەی رۆڵی خۆی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی سەتان زیندانی سیاسیی ئێران، قسەی نەکردووە.

پاش ئەوەی عەلی خامنەیی لە ساڵی 1367ـی هەتاوی بووە رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی چەندین پۆستی باڵای دادەوەری وەرگرت، لەوانە: سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، سەرۆکی رێکخراوی لێپرسینەوەی گشتیی ئێران، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای داد و داواکاری گشتی ئێران.

رەئیسی نزیکەی دوو ساڵە بە فەرمانی خامنەیی بووەتە بەرپرسی مەزارگەی ئیمام رەزا، کە بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین رێکخراوە ئیسلامییەکانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت. 

هاوژینی ئیبراهیم رەئیسی ناوی جەمیلە عەلەمولوهودایە کە دەکاتە کچی ئەحمەد عەلەمولوهودا، پێشنوێژی مەشهەد و نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی، بەیەکەوەش خاوەنی دوو کچن.
  
لەکاتی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، مەهدی کەروبی، بەربژێری ئەو کاتەی پۆستی سەرۆکایەتی رایگەیاندبوو لە گرتووخانەی کەهریزک دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر گیراوان، رەئیسی ئەو کاتە پۆستی جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانی هەبوو، وێڕای رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی شۆڕشی ئێران داوای دادگاییکردنی هەریەک لە مەهدی کەروبی و میرحوسێن مووسەوەی کرد.

تەنانەت دوای دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەری موسەوی و کەرووبی لەنێو ماڵەکانیاندا، رەئیسی گوتبووی ئەم کارە بڕیارێکی دادپەروەرانە نییە و  بۆ پاراستنی ئاسایشی خودی کەرووبی و موسەوی دەرکراوە.  

رەئیسی هەروەها لە خولەکانی چوارەم و پێنجەم، وەکو نوێنەری خوراسان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بووە.    

ئیبراهیم رەئیسی بە سەرەکیترین بەربژێری نەریتخوازان بۆ دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەقەڵەمدەرێت و بەمەش بووەتە بەهێزترین رکابەری حەسەن رووحانی، بەربژێری سەرەکی ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here