ئیمەیڵێك ژیانی كۆچەر بیركاری گۆڕی

0
296

مامۆستا بەریتانییەكەی كۆچەر: پێنج خولەكەم بەس بوو بۆ زانینی ئەو بەهرە زۆرەی ئەو
مامۆستا بەریتانییەكەی كۆچەر: پێنج خولەكەم بەس بوو بۆ زانینی ئەو بەهرە زۆرەی ئەو

رووداو-هەولێر

سەردەمانێك هەموو رۆژێك بە كۆریدۆری بەشی بیركاریی زانكۆی تاراندا پیاسەی دەكرد كە بەسەر دیوارەكانیەوە وێنەی براوەكانی خەڵاتی فیڵدز هەڵواسرابوون، ئەو كات كۆچەر بیركار لە بیستەكانی تەمەنیدا بوو، هەموو جارێك لە دڵی خۆیدا دەیگوت “تۆ بڵێی رۆژێك چاوم بەوانە بكەوێ!”. نزیك دوو دەیە دواتر، ئەو خۆی هاوشانە لەگەڵ ئەوانەی سەردەمانێك خەونی بە دیداریانەوە دەبینی. یەكەم مامۆستای ئەو لە بەریتانیا پێیوایە شتێك لە پشت هەموو رووداوەكانی ژیانی زانا كوردەكەوە هەن.

كۆچەر بیركار كە ئێستا تەمەنی 41 ساڵە، خەڵاتی فیڵدزی 2018ی بەدەستهێناوە كە بە نۆبڵی بواری ماتماتیك و زانستە وردەكان دادەنرێ‌، بەڵام ژیان هەموو كات ئاوها بە دڵی كۆچەر نەڕۆیشتووە. وەك خۆی بۆ رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی باس دەكات، لە كاتی پەناخوازیدا دەبوو كۆبوونی خواردنەكەی پیشانی كارمەندانی سوپەرماركێتەكانی نۆتینگهام بدات، ئەوانیش تێنەدەگەیشتن مەسەلە چییە، بۆیە رایاندەگرت هەتا بەڕێوەبەری شوێنەكە دەهات و كێشەكەی چارەسەر دەكرد.

بەگوتەی خۆی ئەمە یەكێك لەو شتانەی قۆغی پەناخوازی بوو كە زۆرترین سووكایەتی بەدەستییەوە بینیبوو. لەو قۆناغەدا كۆچەر مافی كاركردن و دیاریكردنی شوێنی ژیانی خۆی نەبوو، هەر بە رێككەوتیش رەوانەی نۆتینگهام كرابوو. لەو قۆناغەدا تەنیا یەك شتی گرنگ بەدەست كۆچەرەوە مابوو كە سنووری نەدەناسی، یاسا چاوی بەسەریەوە نەبوو، پێویستی بەوەش نەبوو زمانێكی باشی بۆ بزانێت، ئەویش بیركاری بوو.

ئەوكات لەگەڵ سێ پەناخوازی دیكە لە خانوویەكدا دەژیا، بێ ئەوەی بزانێ چارەنووسی چی بەسەردێ، یان چەند ساڵی دیكە دەتوانێ چاوی بە خێزانەكەی بكەوێتەوە. كۆچەر دەڵێ: “زۆر سەخت بوو. ئەو كات خەونم ئەوە بوو لە سكووڵێكی بەرزی بیركاری بخوێنم”. بەڵام حكومەتی بەریتانیا نە مافی خوێندنی پێدەدا و نە هی كاركردنیش، تەنانەت ئەگەر مافی خوێندنیشی هەبووایە ئینگلیزییەكەی بەشی نەدەكرد. لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی لە بەریتانیایە تەنیا یەكجار توانیویەتی دایكی بهێنێتە بەریتانیا و چاوی پێی بكەوێ.

كۆچەر زیاتر باسی دۆخی خۆی لە تەمەنی 21 ساڵیدا دەكات و دەڵێ: “لەڕووی دەروونییەوە زۆر قورس بوو بۆم، هەندێك كەس داوای پەنابەرێتییەكەیان رەتدەكراوە و دواجاریش دیپۆرت دەكران. زۆر كەس دەناسم كە تەمەنی لاوێتییان بەفیڕۆ چووە”.

هەر لەو سەروبەندەدا كۆچەر ئیمەیڵێكی بۆ بەشی بیركاریی زانكۆی نۆتینگهام ناردبوو، داوای كردبوو لەگەڵ كەسێكی بواری هەندەسەی جەبریدا قسە بكات. زانكۆكە قەبووڵی كردبوو، پاش ماوەیەكی كورتیش دەرفەتی دیدار لەگەڵ ئیڤان فیسینكۆ، مامۆستای زانكۆی نۆتینگهامی بۆ هەڵكەوت كە كۆچەر بە ئینگلیزییەكی شكاوەوە دەستی بە گفتوگۆ كردبوو لەگەڵی.

ئەو دیدارە هیوایەكی بە كۆچەر بیركار بەخشی كە مەرج نییە هەموو ئاواتەكانی بە ئاودا بچن. فیسینكۆ دەڵێ: “ئێمە ئەو بڕوایەمان هەیە شتە قووڵەكانی بیركاری بەهۆی كۆمەڵە شتێكەوە دیاری دەكرێ كە لەسەرووی ئێمەوەن. دڵنیام ئەوە رێكەوت نەبوو كە كۆچەر هاتە ئێرە”. چونكە ئەویش وەك زۆر لە زانایانی بیركاری پێیوایە ژمارە و هاوكێشە بەراییەكانی ماتماتیك ئاماژەن بۆ ئەوەی شتەكان رێكخستنێكی دیكەشیان هەیە.

ئێستا 19 ساڵ بەسەر ئەو دیدارەدا تێپەڕیوە، كۆچەر ئێستا لە زانكۆی كەیمبریجە. لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، زانكۆی نۆتینگهام بە دەستپێشخەریی فیسینكۆ مەراسیمێكی رێزلێنانی بۆ ئەو زانا كوردە و خەڵاتەكەی رێكخست كە بە یەكێك لە گەورەترین دەرچووەكانی ئەو زانكۆیە لە بواری ماتماتیكدا لەقەڵەم دەدرێ.

كۆچەر ساڵێك پێش هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران و دوو ساڵ پێش شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە گوندێكی نزیك مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، هەر بۆیەش خۆی و خێزانەكەی شەڕ و تۆپباران و بۆردومانی شەڕەكەیان ئەزموون كردووە. 

ئەو بە رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ: “لە تاو گیانی خۆمان لە پۆلی وانەكان دەردەچووین، زۆر جاران خۆم فڕۆكەم بینیوە كە بۆمب بەردەداتەوە”. جەنگەكە لەنێوان دوو وڵات بوو كە هەردووكیان كێشەیان لەگەڵ كورد هەبوو، بۆیەش كۆچەر جەنگەكەی بە جەنگی خۆی نەدەزانی، هۆكاری دیكەی ئەو هەڵوێستەش ئەوە بوو كە ساڵانێك پێش لە دایكبوونی ئەو حكومەتی پاشایەتی ئێران موڵك و زەویوزارێكی زۆری خێزانەكەی داگیر كردبوون، بە گوتەی خۆی “ئەمە وایكرد خێزانەكەمان ببێتە جووتیارێكی زۆر ئاسایی”. لەو دۆخە سەختەدا براكەی تاكە هاندەر و پاڵپشتی بوو بۆ ئەوەی تینی حەزی خۆڕسكی كۆچەر بۆ بیركاریی گەرمتر بكات.

لە قۆناغی ئامادەییدا زانا كوردەكەی خەڵكی گوندی نێ لە ناوچەی مەریوان هەوڵی دا خۆی قۆڵ لە بیركاری هەڵبكات و بیركارییەكی تایبەت بە خۆی دابهێنێ. كۆچەر بە (تایمز) دەڵێ: “دەمویست بە مانایەكی قووڵتر لە بیركاری تێبگەم، بۆیەش خۆم مەسەلەیەكی ماتماتیكیم هەڵدەگرت، یان خۆم مەسەلەیەكم دادەهێنا”. دواتر كە لە زانكۆی تاران وەرگیرا، بۆی دەركەوت ئەو مەسەلە و سەلماندنە ماتماتیكییانەی شانی دابووە بەریان شتێكی نوێ نین و كەسانی دی پێش ئەو پێیانزانیبوون.

فیسینكۆ لە زانكۆی سان پیتەرسبورگی رووسیا دەستی بە هەوڵەكانی لە بواری ماتماتیك كردووە. لەوێ تاقیكردنەوەی بیركاری بەشێوەی زارەكی بەڕێوەدەچێ، نەك نووسین، بۆیەش دەڵێ: “بە حوكمی ئەزموونی زۆرم لە ئیدارەكردنی ئەو جۆرە تاقیكردنەوانە، تەنیا 5 خولەك قسەكردن لەگەڵ كۆچەر بەس بوو بۆم، تاوەكو بزانم ئەو زۆر زۆر بەهرەمەندە”. 

بە تایبەتیش كاتێك باسی ئیگۆر شافاریڤیچی كرد كە زانایەكی ژمارە و هەندەسەی جەبریی رووسی بوو، لەبەر بەتواناییەكەی، ستالین ئامادەبوو چاوی پێی بكەوێ.

فیسینكۆ دەڵێ ناوی ئەو كابرایە “وەك پاسوۆردێك وابوو، لەوێوە زانیم ئەم كوڕە جدییە، نازانم ئەگەر كۆچەر رێی لە شوێنێكی دی كەوتبا و لەگەڵ زانایەكی بیركاریی دیكە قسەی كردبا چی بەسەر دەهات”. بە تایبەتیش كە خەڵاتی فیڵدز بە كەسێك نادرێ تەمەنی لەسەرووی 40 ساڵەوە بێ.

 كۆچەر لە دوایین ساڵی خوێندنی دكتۆراكەی چاوی بە كچێكی تایلەندی كەوت كە خوێندكاری بەشی ئابووری بوو، ئەو ئێستا هاوژینێتی و منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵانیشیان هەیە. منداڵەكە هەر سێ زمانی كوردی، تایلەندی و ئینگلیزی بە رەوانی قسە دەكات. وەرگرتنی خەڵاتەكە جۆرێك لە سەربەستیشی لە كاركردن پێ بەخشیوە، بۆ ئەوەی لە ماڵە سادەكەیدا و لەگەڵ خێزانەكەی بمێنێتەوە.

كۆچەر دەڵێ: “ئەگەر بێیتە ماڵەكەی من هیچ نیشانەیەكی چالاكیی هزری نابینی، من مێزی كاركردنم نییە، شوێنگۆڕین شتێكی گرنگە، بۆ ماوەی یەك كاژێر بێ وەستان پیاسە دەكەم، لە ژوورێكەوە بۆ ژوورێكی دی. هەندێكجار بۆ یەك كاژێر لەسەر قەنەفەكە دادەنیشم. هەرچۆنێك بێ من ئاوها ئاسوودەم، چونكە ئاوها دەتوانم فۆكەس بكەم و هەموو شتێكی دیكە لەبیر بكەم”.

 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here