ئێران بودجەی پاراستنی سنوورەکان زیاتر دەکات

0
21

ئێران هەمیشە لە سنوورەکانەوە هەستی بە ترس و مەترسی کردووە

رووداو-هەولێر

حکومەتی ئێران بودجەیەکی تایبەت بۆ تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان دابین دەکات. سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەو بودجەیە دەتوانن سنوورەکان بەشێوەی زیرەک و ستراتژیک بەڕووی هەڕەشە ئەمنییەکاندا دابخەن. 

تەرخانکردنی بودجەکە لەکاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا فەرماندەی هێزی پیادەی ئەرتەش رایگەیاند، سیستەمی زیرەکی کۆنترۆڵ و چاودێرییان لە هەموو ناوچە سنوورییەکان جێگیرکردووە. جێگری فەرماندەی گشتی پۆلیسی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، چیدیکە بودجەی سنوورەکان نادرێتە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە سەر بە پۆلیسن.

ئێران هەمیشە لە سنوورەکانەوە هەستی بە ترس و مەترسی کردووە. زۆری هەوڵداوە ئەمن و ئاسایشیان بپارێزێ. هەرچەند کە زۆر دژوار بووە، قەتیش نەیتوانیوە ئەمن و ئاسایشێک کە مەبەستی بووە لەو ناوچانەدا بیسەپێنێت. 

لە سێ دەیەی رابردوودا حکومەتی ئێران بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستان و بەلوچستان لەهەر شاخ و دۆڵێکدا بنکەیەکی سەربازی داناوە. بەڵام ئەمانە بۆ پاراستنی سنوورەکان بەس نەبوون. 

بۆیە نزیک بە 15 ساڵ پێش ئێران پرۆژەیەکی بۆ داخستنی سنوورەکان دەستپێکرد. پرۆژەیەک کە دیوار و، خەندەق لەخۆی دەگرێ. بەڵام ئەمە پارەیەکی زۆری دەویست، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەم پرۆژەیە تاوەکو ئێستاش تەواو نەبێت.

ئەیوب سلێمانی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران، دەڵێت: نە بودجەی داخستنی سنوورەکان بە پۆلیس دەدرێ و نە بودجەی فەرماندەیی پاراستنی سنووریش. بەگوتەی سلێمانی، ئێستا ئەم بودجەیە لەنێوان پارێزگا، وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکانی هێزە چەکدارەکاندا دابەش دەبێت. پارێزگاش بۆ ئاو و کارەبا خەرجی دەکات.

حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: “دوای چەندین مانگ بەدواداچوون بودجەیەکی زۆر باش خەریکە بۆ سنوورەکان تەرخان دەکرێ، ئێستا من بڕەکەی راناگەیەنم، بەڵام ئەم بودجەیە دەتوانێت چەندین ساڵ ئەمن و ئاسایشی سنوورەکان و داخستنی سنوورەکان بەشێوەی زیرەک و ستراتژی دابین بکات”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here