ئەمریكا قەندیلێكی دیكەی لە سووریا ناوێت

0
313

ئاڵدار خەلیل: گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاڤا هێڵی سوورە
ئاڵدار خەلیل: گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاڤا هێڵی سوورە

رووداو – هەولێر

شەڕی خەلافەتی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا كۆتایی هات، بۆیەش چاوەڕێ دەكرێ كێشە خەوتووەكان لە رۆژاڤای كوردستان جارێكی دیكە سەرهەڵبدەنەوە، لەوانەش دروستكردنی پەیوەندیی پتەو لە نێوان كۆمەڵگای كورد و عەرەب و  دۆزینەوەی چارەسەری بۆ نیگەرانی و هەڕەشەكانی توركیا.

یەكێك لەو كێشانەی كە لە قۆناغی داهاتوودا بەرەوڕووی هەسەدە دەبێتەوە ئیدارەدانی 30٪ـی خاكی سووریایە كە دانیشتوویەكی زۆری عەرەبی هەیە. كاربەدەستانی ئەمریكی پێیانوایە ریشەی ئەم كێشەیەی ئێستا بۆ سەرەتای هاوكارییەكانی ئەمریكا و هێزەكانی رۆژئاڤا دەگەڕێتەوە، لە كاتێكدا یەكینەكانی پاراستنی گەل بەبێ مەیلییەوە ناوچەیەكی زۆری عەرەبی لە دێرەزوور و رەققە رزگار كرد.

بەرپرسێكی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بە ماڵپەڕی (دێفێنس پۆست)ی راگەیاند “ئێمە ئەو دۆخەمان نەدەویست كە تێیدا تەنیا پشت بە كورد ببەستین، ئێمە نیگەرانی هەموو ئەو كێشانە بووین”. بەڵام بێ ئەوەی هیچ بژارەیەكی دیكەیان لەبەردەست بێ.
ئالێكساندەر بیك، بەڕێوەبەری كاروباری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “لە هەندێك لە ناوچە عەرەبییەكان هەستی دوژمنایەتی بەرامبەر كورد هەیە، بێگومان وەزارەتی بەرگریش ئاگای لەمە هەیە، هەوڵیشی داوە هەسەدە هان بدات فرەڕەنگتر بێ، بەڵام بەوپێیەی سەرچاوەی زۆر لەبەردەست نییە، چارەسەری گونجاویش نایەتە ئاراوە”.

بەگوێرەی راپۆرتێكی (ئەلمۆنیتەر)، هۆزە عەرەبەكانی رۆژهەڵات و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا هەوڵی نزیكبوونەوە  و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی سووریا دەدەن، ژمارەیەك لەو هۆزانە ساڵانێكە شانبەشانی كورد لە چوارچێوەی هەسەدەدا شەڕی داعش دەكەن. ئەم هەنگاوەشیان دوای ئەوە دێ كە ناڕوونیی سیاسەتی ئەمریكا لە سووریا پێگەی سیاسیی كوردی لاواز كردووە.

هەڕەشەكانی توركیا هەنووكەییترین هەڕەشەن لەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. ئەمریكی و ئەوروپییەكان ئامادەنین ئەو ناوچە ئارامە بپارێزن كە بڕیارە لە نێوان سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە و توركیادا دروستبكرێ. 

جەیمز جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەركی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی دیپلۆماتیكی بۆ ئەم كێشەیە پێ سپێردراوە. هەفتەی رابردوو جێفری رایگەیاند “ئێمە قەندیلێكی دیكەمان لە سووریا ناوێ”. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (دێفێنس پۆست) بەرپرسانی هەسەدە لە لێدوانی ئاشكرایاندا باس لەوە دەكەن كە بڕوایان وایە جێفری كار بۆ ئەوان دەكات و ئەوان لە نیگەرانییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە نزیكبوونەوەی توركیا و رووسیا تێدەگەن.

بەڵام لە كۆبوونەوە داخراوەكاندا دڵگرانن لەوەی جێفری هەوڵی نزیككردنەوەی وڵاتەكەی لە توركیا دەدات. نیگەرانییەكانی كوردیش تەنیا نێردە تایبەتەكەی سەرۆكی ئەمریكا ناگرێتەوە، بەڵكو لە كۆی هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكییە بەرامبەر ئیدارەی خۆسەری. فەوزی یوسف كە بەرپرسێكی تەڤدەمە، بە ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاندووە كە ئەمریكییەكان نایانەوێ وەك هێزێكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن.

ئەمریكا پێشنیازی بە دەسەڵاتی خۆسەری كردبوو بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی رۆژئاڤا و توركیا سوود لە هەردوو هێزی پێشمەرگەی رۆژئاڤا و هێزەكانی ئەحمەد جەربا وەربگیرێ. بەڵام ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەكانی تەڤدەم، بە ماڵپەڕە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە “ئەوە مەحاڵە، یەكەم لەبەر ئەوەی جەربا هێزی نییە، دووەم لای ئەوانەی ئێرەیان ئازاد كردووە و ئیدارەی دەكەن، هیچ شوێنێك بۆ جەربا نییە. تێناگەم ئەم پێشنیازە لە كوێوە هاتووە”. هێزەكانی جەربا لە 2016 و 2017 بەشێك بوون لە هەسەدە، بەڵام لە كاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە ناكۆكی كەوتە نێوانیان.

ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژئاڤاش دەڵێت: “پێشمەرگە (واتە هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژ) هێڵی سوورن”. ئەو تۆمەتباری كردن بەوەی توركیا پارە و مەشقی پێداون. خەلیل گوتی “چۆن متمانەیان پێبكەین؟”. سەرچاوەیەك بە مەرجی ئەوەی ناوی نەهێنن باسی لەوە كردووە كە “هێنانی هێزێكی ركابەر كە دیار نییە سەر بە چ لایەنێكە، كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، بە تایبەتیش لە كاتێكدا هەسەدە هەوڵێكی زۆر دەدات پێكهاتە جیاجیاكانی هەسەدە یەكبخاتەوە”.

ئەمریكا هێزەكانی سووریای دیموكراتی ئاگادار كردووەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هێزەكانی ئەسەد رێكنەكەون، لە كاتێكدا هیچ بەرچاوڕوونییەكیش نییە كە پلانی داهاتووی ئەمریكا بۆ سووریا چییە.

 
 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here