ئەمریکا: پەیامێکی روونمان بە داعش دا تاوەکو روو لە ئەفغانستان نەکات

0
344

رووخانی خەلافەتەکەی بەغدادی لە موسڵ نزیکە

رووداو – موسڵ 
 
دوا گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵ تاوەکو ئێستا لە دەستی داعشدا ماون. هێزە عێراقییەکان ناوچەیەکی فراوانیان لە باڵی رۆژئاوای شارەکە کۆنترۆڵکردووەتەوە. ئەمریکاش پەیامێکی روونی بە داعش داوە تاوەکو ئەو چەکدارانەی لە شەڕی موسڵ رزگاریان دەبێت، روونەکەنە ئەفغانستان.

بەگوتەی فەرماندە سەربازییەکانی عێراق، ئێستا شەڕ گەیشتووەتە گەڕەکی تەنەک و سوپا لە لێواری کۆتایی رۆژئاوای شارەکە نزیکبووەتەوە. ئەوەی بەتەواوی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەی قورسکردووە، تەنیا پارێزگاریکردنە لە مەدەنییەکانی شارەکە.

عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندە لە هێزی دژەتیرۆری عێراق دەڵێ “ئەوەی لێرە دەبینرێت دوایین گەڕەکە لە رۆژئاوای موسڵ، هەروەها لەمەش تەنیا گۆڕستانێک و ناوچەیەکی پیشەسازیان لە ناوچەکە بەدەستەوە ماوە. کۆنترۆڵکردنەوەیان ئەرکی هێزەکانی دژەتیرۆرە و بەدەر لەو ناوچانەش چەند گەڕەکێکی دیکە هەن، کە کۆنترۆڵکردنەوەیان ئەرکی ئێمەیە. قورسایی شەڕەکەش کەوتووەتە سەر پارێزگاریکردن لە مەدەنییەکان، چونکە تاوەکو مەدەنییەکان پارێزراوتر بن شەڕەکە ئاسانتر دەبێت”. 

تا دێت خەلافەتەکەی بەغدادی لە رۆژەکانی کۆتایی نزیک دەبێتەوە، وەکو هێزە عێراقییەکان جەختی لێدەکەنەوە، داعش لە موسڵ کۆتایی پێهاتووە، لێدانی تەپڵی سەرکەوتنیش لەلایەن ئەو هێزانە تەنیا لەسەر کات وەستاوە.

چەند زانیارییەکی هەواڵگری ئاماژە بەوەدەکەن خۆری داعش داعش لە ناوچەکە ئاوابووە، بۆیە رەنگە بەرەو چەند وڵاتێکی دیکە لە نێویاندا ئەفغانستان بچێت و لەوێ بارگەی دابنێت.

فەرماندەی هێزی پشتیوانی ئەمریکاش لە ئەفغانستان لەوبارەوە دەڵێ بە بەکارهێنانی مووشەکی دایکی هەموو بۆمبەکان، پەیامێکی روونمان دا بە داعش، کە روو لە ئەفغانستان نەکات. 

ژەنەراڵ جۆن نیکڵسن، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەڵێ “ئێمە پەیامێکی زۆر روونمان بە داعش گەیاند، نەک تەنیا لێرە لە ئەفغانستان بەڵکو لە شوێنەکانی دیکەش، پێمان راگەیاندن ئەگەر بیانەوێت بێنە ئەفغانستان لێرە تێکدەشکێندرێن و کۆتاییان پێدەهێندرێت. بۆیەش بەهۆی ئەو گوشارانەی دەکرێنە سەر داعش، ئەو دەستکەوتانە بەدیهاتوون و لەسەر ئەم گوشارانەش بەردەوامدەبین”.

داعش لە عێراق بەرەو کۆتاییە و لە سووریاش گوشاری زۆری لەسەرە، بۆ هەرلایەک دەچن بەتووندی رووبەڕوویان دەبنەوە، بەگوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش، داعش لە هەر کوێ بێت چارەنووسی تێکشکانە.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here