ئەمڕۆ لە یۆروپالیگ، مانچێستەریونایتد میوانداری سێڵتاڤیگۆ دەکات

0
122

یۆرۆپالیگ

ئه‌مڕۆ هه‌ردوو یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی پێشكۆتایی یۆرۆپالیگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تێیدا مانچێسته‌ر یونایتد به‌ هۆشدارییه‌وه‌ میوانداریی سێلتاڤیگۆ ده‌كات و لیۆنی فه‌ڕه‌نسیش به‌ ئامانجی تۆماركردنی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌، میوانداریی ئه‌یاكس ئه‌مستردام ده‌كات.

یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی به‌ سه‌ركردایه‌تی خۆزێ مۆرینیۆ ئه‌مڕۆ به‌ جۆرێك له‌ وریایی و هۆشدارییه‌وه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی له‌ ئۆلترافۆرد میوانداریی یانه‌ی سێلتاڤیگۆی ئیسپانی ده‌كات.

مان یونایتد هه‌فته‌ی رابردوو به‌ بردنه‌وه‌ی یاریی چوون به‌ گۆڵێك له‌ تیپه‌ ئیسپانییه‌كه‌، پێیه‌كی خسته‌ یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ترسێكی هه‌یه‌ ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو بێته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ سێلتاڤیگۆ ئه‌و تیپه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا زۆر مه‌ترسیداره‌.
مانچێسته‌ر دوای شكستی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی له‌ پرێمه‌رلیگ به‌رامبه‌ر ئارسیناڵ، ئیتر بێهیوا بووه‌ له‌وه‌ی له‌ رێگەی‌ ركابه‌رییه‌كانی پرێمه‌رلیگه‌وه‌ وه‌رزی داهاتوو به‌شداریی چامپیۆنزلیگ بكات، بۆیه‌ هه‌موو توانای خه‌رج ده‌كات نازناوی یۆرۆپالیگ بباته‌وه‌ و به‌شداریی وه‌رزی داهاتوو چامپیۆنزلیگ مسۆگه‌ر بكات.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سێلتاڤیگۆ، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ قۆناخی پێشكۆتایی یۆرۆپالیگدا یاریی ده‌كات، هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ هیوای گه‌یشتن به‌ یاریی كۆتایی بگرێت و پێشناچێت وا به‌ ئاسانی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.

راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش رایگه‌یاندووه‌ ئه‌نجامی یاریی رابردوو هانیان ده‌دات به‌هێز یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن و پلانێكی تۆكمه‌یان هه‌یه‌.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی پێشكۆتاییدا، یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندی هه‌وڵده‌دات دووربێت له‌ ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو و گۆڵی زۆر، كاتێك رووده‌كاته‌ فه‌ڕه‌نسا و رووبه‌ڕووی لیۆن ده‌بێته‌وه‌.
 
ئه‌یاكس وره‌ی به‌رزه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هیواكانی زیندووبوونه‌وه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی هۆڵه‌ندا و ئێستا له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌.

ئه‌یاكس یاریی رابردووی به‌ 4-1 گۆڵ له‌ لیۆن برده‌وه‌، ئه‌مڕۆش ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاری له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بكات و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ یاریی كۆتایی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیۆن خۆی ئاماده‌كردووه‌ هه‌مان رۆڵی شاڵكێی ئه‌ڵمانی ببینێت، كاتێك له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی رابردوودا زه‌حمه‌تییه‌كی زۆری بۆ ئه‌یاكس دروستكرد و هه‌وڵده‌دات سێ گۆڵ تۆماربكات، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ فایناڵی خوله‌كه‌.

مانچێسته‌ر و ئه‌یاكس كه‌ هه‌ریه‌كه‌ی 7 نازناویان له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌، چاویان له‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ یاریی كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ی یۆرۆپالیگ و 24ی ئه‌م مانگه‌ له‌ ستۆكهۆڵم ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here