ئەو پیاوەی 10 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بۆ رووداو قسە دەکات

0
213

بەگریانەوە دەڵێت: کاتەکەم بۆ کەم بکەنەوە

رووداو – کفری 

ئەو پیاوەی لەسەر دزینی شیر و دایبی، 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بۆ رووداو قسە دەکات و دەڵێت ”لەبەر نەبوونی ناچاربووم دزی لە دووکانەکان بکەم، بۆئەوەی شیر و دایبی بۆ منداڵەکەم دابین بکەم”.

لە کفری پیاوێک، بە تۆمەتی دزینی شیر و دایبی، 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، دادگای تاوانەکانی کەرکووک لە گەرمیان بڕیارەکەی داوە، پاش ئەوەی لە 14 کەیسی دزیی بچووکدا لێکۆڵینەوەی لە پیاوە 49 ساڵەکە کردووە.

سزادراوەکە کارمەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینارە، لە خانووی کرێدایە و مانگانە 150 هەزار لە مووچەکەی بە کرێی خانوو دەدات، ئەوەیشی دەمێنێتەوە، بۆ پێداویستی ماڵ بەڕێوەبردنی چوار منداڵ و ژنەکەی خەرجی دەکات.  

نزیکەی ساڵێکە گیراوە، لە میانی لێکۆڵێنەوەدا بە دادوەری گوتووە، لەبەر نەبوونی ناچار بووە دزی لە دووکانەکان بکات و شیر و دایبی بۆ مناڵەکەی دابین بکات.

ئەو پیاوە(ع)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئەمە یەکەمجارە ئەم کارە دەکەم و پێشتر نەمکردووە، ئەوەی ئەمجارەی کۆتاییش کردم، لەبەر منداڵەکەم بوو، چونکە دەچوومەوە ماڵەوە نە شیری هەبوو نە دایبی”.

ئەو پیاوە سزادراوە بە گریانەوە باسی ئەو ماوەیە دەکات، کە بەسەریدا سەپێنراوە و داوا لە حکومەت دەکات، ئەو ماوەیەی بەسەریدا سەپێنراوە بۆی کەمبکرێتەوە، وەکخۆیشی دەڵێت “من چوار منداڵم لە ماڵەوە هەیە و خێزانەکەم گەنجە، کێ بەخێویان دەکات”.

سزادراوه‌كه‌ كارمه‌ندی شارەو‌انی كفریه‌، هاوژینەکەی دەڵێت “نیوەی مووچە 300 هەزارییەکەی بۆ کرێی ئەم خانووە بووە و بە 150 هەزارەکەی دیکە، خواردن و پێداویستییەکانی ماڵ و چوار منداڵەکانی دابیندەکرد”.

(ع) بە ماددەکانی  443، 444 و 446ـی یاسای سزادانی عێراقی سزادراوه‌ و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، رەوانەی زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی دەکرێت.

رائید جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ” سەرجەم ئەو سکاڵایانەی لەو کەسە کرابوون، خاوەنەکانیان لێی خۆشبوون، بەڵام لەبەرئەوەی تاوانەکان دزییە، مافی گشتیی تێدایە”.

چەند خاوەن دووکانێک سکاڵای یاسایی لەسەر (ع ) تۆمار دەکەن و دوای ئەوەی دەزانن بە چ مەبەستێک دزیکردووە، لە سکاڵاکەیان خۆشدەبن، بەڵام داواکاری گشتی دەڵێت “تۆمەتبار مافی گشتی پێشێلکردووە و لێخۆشبوونەکە کاریگەری لەسەر سزاکەی نابێت”.

نزار حەسەن، داواکاری گشتی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ” 14 کەیسی دزییکردنی ئەم پیاوە لەلای منە، دووکان هەیە هی شیر و دایبییە، دووکان هەیە هی کارتی مۆبایلە و چەندین سکاڵای دیکەشی تێدایە، بەڵام بۆ راکێشانی سۆز و هەستی جەماوەر زۆربەی باسکردنەکان لەسەر شیر و دایبییە، وە ئەگەر هەر حاڵەتێکی دەرچوون لە یاسای تێدا بێت، بە دڵنیاییەوە وەک داواکاری گشتیی تانە لە بڕیارەکان دەدەین”.

(ع) لەسەر 14 کەیسی دزی سزادراوە و  شەش دۆسیه‌ی دیكه‌شی له‌ دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركووك- گه‌رمیانه‌ و هێشتا لەسەری دادگایی نەکراوە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن  

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here