بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناوخۆی ئێران کەمیکردووە

0
9

کارگەکانی بەرهەمهێنان: ناتوانین تەواوی پێداویستییەکان دابین بکەین

رووداو-هەولێر

کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان لە ئێران، قسەی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی گەمارۆ نەخستنەسەر کەرتی دەرمانی ئەو وڵاتە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن، لەڕووی دابینکردنی دەرمانەوە تووشی کێشە نەبوونە بەڵام، بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی لەسەر حەواڵەکردن و ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ ئێران داندراون، ئەوان ناتوانن تەواوی پێداویستییەکانیان دابین بکەن. 

ئەو کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکانی دەرمانی ناوخۆی ئێران دابەزێت. پێشبینیش دەکرێت، لە داهاتوودا بەهۆی ئەو کێشانەوە، بەرهەمهێنانی دەرمانی ئێرانی کەمتر ببێتەوە.

پریشکی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر تارانی سەپاندووە، ئەم کارگەیە و کارگەکانی دیکەی دروستکردنی دەرمانی لە ئێران گرتووەتەوەو رووبەڕووی چەندین کێشەی کردوونەتەوە بەتایبەتیش لەڕووی حەواڵەکردنی پارە و ئاڵوگۆڕی دراو.

مەجید شێخە، لێکۆڵەر و بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە کۆمپانیای تەولید دارو رایگەیاند: “سزاکان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بەسەر ئێراندا سەپێندراون. چونکە سزاکان دەرمانەکانی نەگرتووەتەوە، ئێمە لە کارەکانمان بەردەوامین. بەڵام هێشتا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەهەندێک شوێن رووبەڕووی کێشە دەبینەوە، وەک نموونە دابینکردنی ئامێرە سەرەتاییەکان بۆ پاکێجکردنی دەرمانەکان، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە لەڕووی پارە حەواڵەکردن و حەواڵەکردنی دراو رووبەڕووی کێشە بووینەتەوە.”

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەرتی پزیشکی نەگرتووەتەوە، بەڵام سزاکان کاریگەری گەورەیان لەسەر کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئێران داناوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەو گوشارانەی کە هەن، هێشتا کۆمپانیاکان لە کارکردن بەردەوامن و نەیانهێشتووە کەلێنی گەورە لەڕووی دابینکردنی دەرمان دروستببێت.

بەرپرسی کۆگا لە کۆمپانیای تەولید دارو گوتی: “سەرباری ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی بیانییەوە سەپێندراون، کۆمپانیاکە باشە و لە کارەکانی بەردەوامە، رەنگە ئاستی بەرهەمهێنانی کەمێک دابەزیبێت، بەڵام هێشتا بەباشی کاردەکات.”

سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و پابەندی وڵاتانی دیکە بەو سزایانەوە گیروگرفتی گەورەیان بۆ کۆمپانیا و کارگەکانی دروستکردنی دەرمان لە ئێران دروستکردووە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایانە، هەرچەندە لە کارەکانیان بەردەوامن، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە دووچاری کێشەی دابینکردنی ماددەی خام بۆ دروستکردنی دەرمان و هەروەها کڕینی ئامێرەکانی دروستکردنی دەرمان بوونەتەوە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here