بەرپرسانی گۆڕان: نەوشیروان مستەفا لەم نزیكانە دەگەڕێتەوە

0
181

نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

نەوزاد مەحموود و جەمال ئەحمەد جەمیل 
رووداو- سلێمانی 

بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكەیان دەكەن. بەرپرسێكی بزووتنەوەكەش دەڵێ‌ بە گەڕانەوەی كاك نەوشیروان لە كاتێكی زۆر كەمدا “كەشێكی ئەرێنی بۆ پەیوەندی و رێككەوتننامەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دروستدەبێ”.
نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی 3/9/2016 بەمەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشی بەرەو بەریتانیا بەڕێكەوت و تاوەكو ئێستاش لە لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە ماوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان و كەسە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی بزووتنەی گۆڕان داویانە بە (رووداو)، پزیشكەكانی لە گەڕانەوە بۆ كوردستان سەرپشكیان كردووە بەو مەرجەی “رێنماییە پزیشكییەكان جێبەجێ بكات و هەروەها بەردەوام بێ لە وەرگرتنی چارەسەری لە كاتی پێویستدا، بەپێی ئەو پشكنینانەی بۆی كراون”.

دلاوەر حاجی عوسمان، یەكێك لە هەڵسوڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ‌، كاك نەوشیروان بەو نزیكانە دەگەڕێتەوە “هاتنەوەی ئەو زۆر زەروورە، چونكە ئەو پیاوی رۆژە قورسەكانە و ئێستا پێویستی زۆرمان پێیەتی”. لەبارەی هۆی دواكەوتنی گەڕانەوەشی گوتی “كێشەی ڤیزای هەبوو، ئەگینا زووتر دەگەڕایەوە كوردستان”.

ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتیدەكاتەوە نەوشیروان مستەفا بەهۆی نەخۆشیەكەی و وەرگرتنی چارەسەرەوە لە دۆخی سیاسی باشووری كوردستان دابڕابێ “بەردەوام سەیری بارودۆخەكە دەكات و لە هەموو كۆبوونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزووتنەوەی گۆڕاندا رای هەبووە و ئاگاداری بڕیارەكانی بزووتنەوەكەشە”.

سەفەری نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لەندەن كە جاری دووەمیەتی، لە ساڵێك نزیك دەبێتەوە، بەڵام بۆ ژیانی سیاسی بزووتنەوەكەی، ئەو جێهێشتنە زۆر قورس كەوت و بەشێك لە هەڵسوڕاوان و سەركردەكانی بزووتنەوەكە پێیانوایە بەهۆی دووریی نەوشیروان مستەفا، یەكێتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەی نێوانیان كەمتەرخەمە و كات دەكوژێ، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا ناو بەناو سەركردەكانی ئەو حیزبە داوای گەڕانەوەی لێدەكەن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) لە كەسێكی نزیكی نەوشیروان مستەفا وەریگرتوون، لەو ماوەیەی رابردوو “نەوشیروان مستەفا دڵنیاكراوەتەوە لەوەی دەتوانێ بگەڕێتەوە و لە نەخۆشخانەی پزیشكیی فارووق لە سلێمانی بەپێی ئەو پشكنین و رێنماییە پزیشكییانەی لە لەندەن بۆی كراوە، چارەسەر وەربگرێ”، ئەو سەرچاوەیە هەروا گوتیشی “بۆیە پێش كۆتایی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە سلێمانی و تەندروستیشی باشتر بووە”.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بە (رووداو)ی گوت “كاك نەوشیروان غائیبی حازرە لە ناومان و ئاگای لە هەموو رووداوەكان هەیە، جڤاتی نیشتمانی و برادەرانی ئێرەی سەرپشك كردووە كە هەر بڕیارێك بدەن پشتگیریی دەكات، گەڕانەوەشی پەیوەندی بە باری تەندروستییەوە هەیە، ئەمڕۆ تەندروستی باش بێت شەوەكەی دەگەڕێتەوە”.

بەڵام پێشتر بەرپرسێكی گۆڕان بە (رووداو)ی گوتبوو “كاك نەوشیروان جارێ نایەتەوە تا پێشهات و رووداوی سیاسی نەیەتە پێش، جاری پێشوو كە گەڕایەوە رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی لێكەوتەوە، بۆیە ئەمجارە چاوەڕێی كۆتاییهاتنی شەڕی مووسڵ و خولی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لە مانگی هەشتی ئەمساڵ دەكات، ئەوكات بەدووری مەزانن كە كاك نەوشیروان لە فڕۆكەخانەی هەولێر بێتە خوارەوە، نەك فڕۆكەخانەی سلێمانی”.

بەرەبەیانی رۆژی 17/3/2017 شوعلە عەلی، هاوسەری نەوشیروان مستەفا لەتەمەنی 60 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد و نەوشیروان مستەفا، بەهۆی نەخۆشی و رێوشوێنەكانی سەفەركردنەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ بەشدارییكردن لە پرسەكەی، بەڵام لە لەندەنەوە بە كورتەنامەی پێزانین ، وەڵامی بارزانی و بەرپرسانی حیزبەكانی دیكەی دایەوە و سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد بۆ بەشداریكردن لە پرسەی هاوسەرەكەی كە ئەوە یەكەمین پەیام و قسەی نەوشیروان مستەفا بووە لەوەتەی كوردستانی جێهێشتووە.

رەئوف عوسمان، بەرپرسی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە هاتنەوەی رێكخەری گشتی بززووتنەوەكەیان، كاریگەریی خێرای دەبێ لە پەیوەندیی نێوان گۆڕان و یەكێتی و هەروا ئەو رێككەوتنەی لە نێوانیاندایە. گوتیشی “بێگومان ئەو رێككەوتنە دواتر كاریگەریی لەسەر كۆی دۆخە سیاسییەكەش دەبێ و سەرەتایەك دەبێ بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان”.

قسەوباسی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە كاتێكدایە كە بابەتی گرنگ لەسەر مێزی حیزبەكانە بۆ دانوستاندن، ئەویش پرسی ئەنجامدانی گشتپرسییە لە هەرێمی كوردستان. یەكێتی و پارتی، پێكەوە سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو پرسەن و سەردانی حیزبەكانیان كردووە.

لە دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی ئەو بزووتنەویە دووجار بۆ ماوەی درێژ هەرێمی كوردستانی جێهێشتووە. جاری یەكەم ماوەی 7 مانگ لە لەندەن مایەوە و رۆژی 28/4/2016 گەڕایەوە سلێمانی، جارێكی دیكەش لە رۆژی 3/9/2016 كوردستانی  جێهێشت و تاوەكو ئێستا نەگەڕاوەتەوە.

(رووداو) زانیویەتی پزیشكەكان رێنمایی نەوشیروان مستەفایان كردووە كە لە رۆژ و شەوێكدا دەبێ 14 كاژێر پشوو بدات بە نانخواردن و نووستن و دانیشتن. كاتەكانی دیكەش دەخوێنێتەوە و دەنووسێت. جگە لە ئازاری بڕبرەی پشتی، كە لە سەردەمی شاخەوە هەیەتی، تەندروستیی جێگیرە. ئێستاش لە نووسینی كتێبێك بووەتەوە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here