بەرپرسێکی یەکێتی: ڕێگری لە کۆسرەت ڕەسوڵ نەکرێ کێشەکان چارەسەر دەکات

0
86

 

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی حزبەکەی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ”خاوەن بڕیارە و مافی ئەوەی ھەیە دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی بەکار بھێنێت“. ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێ، دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

 

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەڵبژاردنەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان بە کارێکی باش دەزانن و پێیان وایە، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی. ڕوونیشی کردەوە: ”کاتێک مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە، ئیتر نابێ ئێمە گوێ بە گرفتەکانی یەکێتی نەدەین، چونکە تەنھا کۆنگرە دەتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات، بۆیە ئەگەر نیازێکی باشمان ھەبێت، ئێستاش دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین”.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا: “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ ھەموو دەسەڵاتێکی ھەیە بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی یەکێتی بەڕێ بکات، بۆیە ئەگەر ھاوکاریی بکرێت، یان ڕێگری لێ نەکرێت، بێگومان ئێمە گەشبینین بەوەی دەتوانێت کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات و ئەو حزبە بەرەو پێشەوە بەرێت”.

 

لەبارەی بەستنی کۆنگرە، ئەحمەد قەدەفەری باسی لەوە کرد: “دەمێکە داوای بەستنی کۆنگرە دەکەین، بەڵام تا ئێستا کۆنگرە نەبەستراوە، بێگومان ھیچ کەسێکیش لەناو یەکێتی کونگرەی ڕەت نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق یەکێتی کۆنگرەی چوارەم ببەستێت”.

 

پێشتر لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی ئەنجامی دا، سەعدی ئەحەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، مەکتەبی سیاسییان هەڵبژاردووەتەوە و بڕیاریان داوە لەمەودوا کۆسرەت ڕەسوڵ ئیشی سکرتێری گشتیی یەکێتی بکات.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here