بەساڵاچوویەك خۆی دەسووتێنێ‌

0
100

پێشتر دووجار هەوڵی خۆكوشتنی داوە
پێشتر دووجار هەوڵی خۆكوشتنی داوە

رووداو – قەڵادزێ‌

كەسوكارەكەی دەڵێن زوو زوو سەیری كاتژمێرەكەی دەستی دەكرد، وەكوو ئەوەی بزانێ‌ كەی دوا وادەی ژیانیەتی، مام خدر بەر لەوەی ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات و گیانی دەربچێ‌، هەرچی سەروەت و سامانی هەبوو بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەسەر منداڵەكانیدا دابەشی كرد.

رۆژی 24/4/2017 پیاوێكی تەمەن 76 ساڵ بەناوی (خدر.پ.ح) دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە قەڵادزێ‌، لە ماڵی كوڕەكەیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا. كوڕەكەی دەڵێت باوكی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، ماوەی سێ‌ ساڵ بوو بە دەست ئەو نەخۆشییەوە دەیناڵاند.

ئەحمەد كە كوڕە گەورەی مام خدرە، بە (رووداو)ی گوت “باوكم ماوەی سێ‌ ساڵ بوو تووشی شڵەژانی دەروونی بووبوو، بەردەوام داوای دەكرد دوعای بۆ بكەین بۆ ئەوەی زوو بمرێ‌ و رزگاری بێ‌ لەو ژیانە”.

بە گوتەی ئەحمەد، باوكی پێشتریش دووجار هەڕەشەی خۆسووتاندنی كردووە “باوكم حەزی نەدەكرد بەهۆی نەخۆشییەوە لەسەر جێگا بكەوێت، بۆیە پێشتریش دووجار ویستبووی خۆی لەناو ببات، ئێمە نەمانهێشت”.

مام خدر تووشی چەند نەخۆشییەك بووبوو، كەسوكارەكەی بردبوویانە لای چەند پزیشكێك، هەموویان گوتبوویان پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام گوتبوویان جەستەی لاوازە و بەرگەی نەشتەرگەری ناگرێ‌.

ئەحمەد دەڵێت دوای ئەوەی باوكی بۆی دەركەوت تووشی چەندین نەخۆشی بووە و بەرگەی نەشتەرگەریش ناگرێ‌، لە رووی دەروونییەوەش دووچاری گرفت بوو. ئەحمەد دەڵێت “باوكم زوو زوو سەیری سەعاتەكەی دەستی دەكرد، حەزی دەكرد زوو كات بڕوات. دڵی زۆر زۆر ناسك بوو، بەردەوام دەیگوت گەردنم ئازاد بكەن”.

ئەحمەد باسی ئەو رۆژە دەكات كە باوكی، خۆی سووتاند و دەڵێت “ئێمە بەردەوام چاودێریمان دەكرد، چونكە دەترساین شتێك بەسەرخۆی بهێنێ‌. لە كاتی رووداوەكەدا برایەكم و خوشكەزایەكم لەوێ‌ بوون، كە بینیبوویان دەچێتە ژوورەوە، ویستبوویان لەگەڵی بچنە ژوورەوە، بەڵام پێیگوتبوون مەیەنە ژوورەوە، خۆم رووت دەكەمەوە، جەستەم چەور دەكەم. كاتێك چووەتە ژوورەوە دەرگای لەسەر خۆی داخستووە، لە ژوورەوە سۆبای لێبووە، نەوتەكەی دەرهێناوە و بە جەستەی خۆیدا كردووە، پاشانیش ئاگری لە خۆی بەرداوە”.

ئەحمەد دەڵێت باوكی بەمدواییە رەوشی دەروونی و جەستەیی بە تەواوی تێكچووبوو، زۆر بە زەحمەت نانی دەخوارد، دەبووایە دەمێك لەبەری بپاڕێنەوە هەتا پارووە نانێك بخوات.

ئەحمەد دەروێش كە خوشكەزای مام خدرە، باسی سووتانی خاڵی دەكات و دەڵێت “لە كاتی رووداوەكەدا دوو كەس لەوێ‌ بوون، بەڵام ئەوان سەیری یارییان كردووە و ئاگایان لە هیچ نەبووە، بەهۆی بۆن و دووكەڵەوە بە رووداوەكەیان زانیوە، كاتێك ویستوویانە بچن خاڵم رزگار بكەن، بینیویانە دەرگای لەسەر خۆی شیش داوە، هەتا دەرگاكەیان شكاندبوو زۆربەی جەستەی سووتابوو”.

ئەحمەد كە زوو زوو سەردانی خاڵی كردووە، دەڵێت زۆر دڵنەوایی دەدایەوە، بەڵام بێسوود بوو “خاڵم تووشی نەخۆشیی قۆڵۆن و گورچیلە و دڵ و چاو بووبوو، هەموو جارێك دەیگوت بە دەست خۆم نییە، بەرگەی ئەو هەموو نەخۆشییە ناگرم، هەر ئەوەش تووشی شڵەژانی دەروونی كردبوو”. ئەحمەد هەروەها دەڵێت “بەمدواییە لەڕووی دەروونی بە جارێك تێكچووبوو، زۆر كەسی نەدەناسییەوە، بووكەكەی كە زۆر زۆر خزمەتی دەكرد، نەیدەناسییەوە”.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی خۆسووتاندنی ئەو بەساڵاچووە بە (رووداو)ی گوت “پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردەوە، ئەو پیاوە بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە لەوێ‌ گیانی دەرچووە”. 

گوتیشی “كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە، بەڵام پۆلیس دەبێت لە راستی و دروستیی رووداوەكە دڵنیا بێت و هۆكاری رووداوەكە بزانێ‌”.

سێ‌ پیاو خۆیان سووتاندووە

بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا سێ‌ پیاو لە سنووری پشدەر و بیتوێن خۆیان سووتاندووە. رۆژی 5/1/2017 گەنجێكی تەمەن 26 ساڵ كە خێزاندار بوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و مرد. رۆژی 15/2/2017  پیاوێكی تەمەن 80 ساڵ لە ماڵی كوڕەكەی  لە گوندی تیتۆكەی سەر بە قەزای رانیە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. هەروەها رۆژی 24/4/2017 پیاوێكی تەمەن 76 ساڵ بەناوی (خدر.ح) دانیشتووی قەڵادزێ‌، خۆی سووتاند و بەوهۆیەوە مرد.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here