بەغدا بڕیاریدا پەکەکە و حەشدی شەعبی شنگال چۆڵبکەن

0
9

لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لە 43 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکدێت

رووداو – بەغدا

لیژنەی دەرخستنی راستییەکان کۆتایی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی لە پارێزگای نەینەوا ھێنا، بە 30 خاڵ راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوای دا، هەروەها بڕیاری دا هەریەک لە حەشدی شەعبی و پەکەکە شنگال چۆڵ بکەن.

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر کاری لیژنەکە نیشانداوە. ھاوکات لەنێو راپۆرتەکەدا گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکان و دەرکردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی پەکەکەی تێدایە.

ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان دەڵێ “متمانەی تەواو ھەیە کە لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان. ئەنجوومەنی نوێنەران وەڵامی زۆر باشی ھەبووە لەسەر راپۆرتەکەمان بۆ رەوانەکردنی بۆ لایەنی جێبەجێکار و دادگا، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و چاکسازی بەپەلە لەسەر دۆسیەی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی بکرێت، کە بەشێوەیەکی ترسناک لە نەینەوا بڵاوبووەتەوە”.

لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لە 43 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکدێت، کە ھەر 35 نوێنەرەکەی پارێزگای نەینەوای تێدایە و حەوت ئەندامیان کوردن، بەڵام لەسەر راپۆرتەکە 36 ئەندامیان واژۆیان کردووە، تائێستا 80 واژۆشیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەنگ لەسەر راپۆرتەکەیان بدرێن.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان دەڵێ “لەنێو راپۆرتەکە دەرکردنی پەکەکە لە قەزای شنگال و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ قایمقام و سەرۆکی ئەنجوومەنی تێدایە، ئەو خاڵە چەسپێنراوە لەنێو راپۆرتەکەدا، کە حکومەت و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان بڕیاربدات تەنیا ھێزە شەرعییەکان لە شنگال بمێننەوە”.

فارس بێرڤکانی دەڵێ “گەیشتینە ئەو بڕوایە و دەرکەوت پارێزگار گەندەڵە. پارەی زۆر، بە بڕی 358 ملیار بۆ موسڵ تەرخانکراوە، 100 ملیار بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە، بەڵام کە دێین سەیری موسڵ دەکەین، ھیچ خزمەتێک نابینین و ھیچ ئەنجامێک لەبەرامبەر ئەو پارە زۆری تەرخانکراوە نابینین”.

بە دوورخستنەوەی نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا، کە تۆمەتبارە بەگەندەڵی و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە فەرمانبەرانی دەوڵەت، عەبدولقادر شنگالی، کە کوردە و جێگری یەكەمی پارێزگارە، بەوەکالەت دەبێتە پارێزگاری نەینەوا.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here