بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 200 گوندی دێرسیم داخراوە

0
19

یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م گوندانه‌ پچڕانی یه‌كجاره‌كی ته‌زووی كاره‌بایه‌

رووداو – هەولێر 

له‌ دێرسیمی باكووری كوردستان ماوه‌ی 10 رۆژه‌ به‌فر ده‌بارێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو مه‌تر به‌فر باریووه‌ و ئەوەش كاریگه‌ری لە سه‌ر ژیانی خه‌ڵك دروستکردووە. 

ئێره‌ شارۆچكه‌ی نازمییه‌یه لە دێرسیم، ته‌واوی رێگەكان داخراون، بێ ده‌نگی باڵی بە سەر ناوچەکەدا كێشاوه‌ و‌ نزیکەی 200 گوند رێگاكانیان داخراون، چونكه‌ لە ماوەی نزیکەی 10 رۆژدا به‌فرێكی زۆر باریووه‌ و رێگەی ته‌واوی گونده‌كانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌كانی نازمیه‌ ئۆڤاجیك خۆزات و پولومووری گرتووه‌. 

یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م گوندانه‌ پچڕانی یه‌كجاره‌كی ته‌زووی كاره‌بایه‌.

خه‌ڵكی ئه‌م گوندانه‌ ده‌ڵێن، ماوه‌ی چەندین رۆژه‌ بێ كاره‌بان و هیچ وزه‌یه‌كی گه‌رمكه‌ره‌وه‌شیان بۆ رانه‌كێشراوه‌ و ژیانیان سه‌خت بووه‌. 

گوندنشینانی شارۆچكه‌ی نازمییه‌ پێیانوایه،‌ حكومه‌ت ئه‌م ناوچه‌یه‌ی فه‌رامۆشكردووه‌ و خزمه‌تگوزاری پێناگه‌یێنێت.

ئافره‌تێکی به‌ساڵاچوو‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵه و‌ به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ باس له‌ خراپی ژیانیان ده‌كات، ئەوەش به‌هۆی به‌فربارین و پشتگوێخستنی ناوچه‌كه‌ و ده‌شڵێت، هیچ شتێكیان نه‌ماوه‌ بیخۆن. 

خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ دەڵێن، ئەمساڵ به‌فر زۆر باریووه،‌ هیچ ساڵێك هێنده‌ی ئه‌مساڵ‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌فر نەباریووە و ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ بۆ تێكچوونی كاره‌با و داخرانی ته‌واوی رێگەكان. 

ئەم رۆژانە شۆفڵ زیاتر لە هەر شتێکی دیکە لێرە بەکاردەهێندرێت، چ لە کردنەوەی رێگەکان و چ لە گەیاندنی خەڵکی بە شارەکان بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان. 

حكومه‌ت، كاره‌بای ئه‌م ناوچه‌یه‌ی بە كۆمپانیایه‌كی کەرتی تایبه‌ت راسپاردووە، به‌ڵام گوندنشینان له‌ كاركردنی كۆمپانیاکه‌ ناڕازین. 

ئەوان پێشنیازیان كردبوو به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزی به‌فربارین، رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌بایان نه‌پچڕێت، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ به‌ده‌م داواكانیان نه‌چوو‌. 

سه‌رۆك شاره‌وانی نازمییه‌ش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت، خزمه‌ت به‌ گونده‌واره‌كانمان ناكرێت، به‌تایبه‌تی كاره‌با و راكێشانی گازی سرووشتی. ‌ 

به‌فر ته‌واوی دێرسیمی به‌ ره‌نگی سپی داپۆشیووه‌، دیمه‌نێكی ناوازه‌ و جوانی پێ به‌خشیووه‌، به‌ڵام کێشەی بۆ هاونیشتمانیانیش دروستکردووە. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here