بەوێنە: لە شارێكی باكووری كوردستان ده‌ستبه‌سه‌ر زیاتر لە تۆنێک هیرۆییندا گیرا

0
7

ماددە هۆشبەرەکە لەنێو رۆنی سرووشتی هەڵگیراوە، وێنە: AA

رووداو – ئه‌رزینجان 

له‌ پارێزگای ئه‌رزینجان له‌ باكووری كوردستان، ده‌ستبه‌سه‌ر  هەزار و 271 كیلۆگرام هیرۆییندا گیرا. 

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانی هاوبه‌شی عه‌لی ئه‌رسڵانتاش، پارێزگاری ئه‌رزینجان و بوله‌ند شه‌نسۆی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌مان پارێزگا، عه‌لی ئه‌رسڵانتاش رایگەیاند: له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر هەزار و 271 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری هیرۆییندا گرتووە. 

پارێزگاری ئه‌رزینجان چۆنییەتی دەستبەسەرداگردنی ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند “به‌ پشتبه‌ستن به ‌زانیاریی هه‌واڵگری، تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زانیویانە ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگر له‌ دیوی سنووری ئێرانەوە به‌ڕێگه‌ی قاچاخ له‌ سنووری پارێزگای وان (له‌ باكووری كوردستان) دەچنە ناو توركیا و، له‌كاتی گه‌یشتنیان بۆ پارێزگای ئه‌رزینجان، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی جه‌ندرمه‌ش روویداوه‌”. 

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ئه‌رزینجان ئاشكرایكرد، حه‌وت كه‌س له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كەدا‌ ده‌ستگیركران و، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ گواسترانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی پارێزگاكه‌، مادده‌ هۆشبه‌ره‌كەش له‌نێو رۆنی سرووشتیی ئاژه‌ڵدا شاردرابووه‌وه‌. 

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی وان، ته‌نیا لە مانگی ئەیلوولی ئه‌مساڵدا تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان 129 ئۆپه‌راسیۆنیان له‌ سنووری پارێزگای وان ئه‌نجامداوه‌ و، توانیویانە دەستبگرن بەسەر چوار تۆن و 540 كیلۆ و 296 گرام مادده‌ی هۆشبەری جۆراوجۆر‌.

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here