رووداو – قامیشلۆ
دوای گرژییەکانی نێوان یەپەگە و سوپای تورکیا، هێزێکی ئەمریکی بە چەکی قورسەوە بە شارەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەگەڕێت.
شەڕڤان کۆبانی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی یەپەگە رایگەیاندووە، جوڵەی ئەو هێزە بەمەبەستی چاودێریکردنی سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستانە، بۆ راگرتنی پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانانی یەپەگە.
وەک لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک تانکی سوپای ئەمریکا بە ئاڵای ئەو وڵاتەوە لە شاری قامیشلۆ دەبینرێن.
لە ڤیدیۆکەدا ئەوەش دەبینرێت کە شەڕڤانان بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆگۆی تایبەت بە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لەگەڵ هێزە تایبەتەکەی ئەمریکادان. جگە لە قامیشلۆ، ئەو هێزەی ئەمریکا بە شارەکانی (دێرک، دربێسیێ، تربەسپی و چل ئاغا)دا سوڕاونەتەوە.
میدیاکانی تورکیا دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو هێزە، باسیان لە جێگیرکردنی زرێپۆشی ئەمریکی لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژئاڤا (سووریا – تورکیا) کردووە. بەجۆرێک دەگوترا ئەو هێزانە زۆر لە سنووری تورکیا نزیکن و، گوایە ئەمریکا بەمەبەستی پاراستنی یەپەگە ئەم کارەی کردووە.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی 25-4-2017 ی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای قەرەچووغ لە دێرک، 20 شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش برینداربوون، دوای ئەمەش لە چەند شوێنێکی سەر سنووری رۆژئاوا و باکووری کوردستان پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەپەگە و سوپای تورکیا روویدا و کوژراو و برینداری لە هەردوولا لێکەوتەوە.
تورکیا چەند جارێک رایگەیاند هێرشەکانیان بۆ پاراستنی سنوورەکان بەردەوام دەبن، رۆژی هەینیش 28-4-2017، یەگەپە لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە وەڵامی هەر هێرشێکی تورکیا دەدەنەوە.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح