بەڤیدۆ؛ لافاو شاری سۆسەنگردی لە پارێزگای خوزستان داپۆشیوە

0
310

حکومەت باری نائاسایی راگەیاندووە و فەرمانی چۆڵکردنی شەش شار و دەیان گوندی دیکەی دەرکردووە

رووداو – هەولێر 

شاری سۆسەنگرد لە پارێزگای خوزستان، یەکێک لەو شەش شارەی حکومەت دەڵێ، بەزوویی ژێر ئاو دەکەون و فەرمانی چۆڵکردنی داون.

خەڵکی ئەم ناوچەیە نزیکەی مانگێکە خەریکی دروستکردن و دانانی بەربەستن بۆ پاراستنی شار و کێڵگەکانیان لە لافاو. بەڵام لافاوەکە لە هەوڵەکانی ئەوان بەهێزترە و لە زۆر شوێن بەربەستەکانی بردوون و شار و گوند و کێڵگەکانیان ژێر ئاو کەوتوون.

سەرەڕای ئەو لافاوە زۆرە، حکومەت دەرچەی بەنداوەکانیشی کردووەتەوە و ئاو بەخێرایی و زەختێکی زیاترەوە رووی لە ناوچەکانی خوزستان کردووە و تاوەکو ئێستا ماڵ و حاڵی بە نزیکی 200 گوند و بەشێک لە شارەکان چۆڵکردووە و خەڵکی بەشێک لە گوندەکان ئێستا تەنانەت بۆ هەڵاتن رێگەی وشکانییان لە بەردەم دا نەماوە.

هاووڵاتییەکی یەکێک لە گوندەکانی سۆسەنگرد دەڵێت: “نە بەلەممان هەیە نە کۆپتەر. ئەوە نزیکی سێ کیلۆمەترە خەڵك لەنێو ئەم ئاوەدا رێگەدەبڕن. من ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی ئەلبوونەیس- م، چوار رۆژە ئاو چواردەوری گرتووە نە ئاو هەیە نە خواردن. خەڵک خەریکە نوقم دەبن”.

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییەکان دەڵێت: “بەڕێز رووحانی سەیری حاڵمان بکە، خەریکە لەناو ئاودا ئازار دەکێشین. نەختێک ئاگات لە ئێمەش بێ نەوەک تەنیا ئاگات لە ژن و منداڵی خۆت بێ لە ناوچەی شووشتەری شوعەیبیەدا 58 گوند ژێر ئاو کەوتوون بەڕێز رووحانی ئاوڕێکمان لێ بدەوە”.

حکومەت باری نائاسایی راگەیاندووە و فەرمانی چۆڵکردنی شەش شار و دەیان گوندی دیکەی دەرکردووە. 

بەرپرسان دەڵێن، چەندین کەمپ بۆ نیشتەجێکردنی خەڵکەکە دابینکراوە و تۆڕی پاسەکانی پارێزگەش ئامادەیە بۆ گواستنەوەیان و هاوکاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابینکراوە. بەڵام بەشێکی خەڵک هێشتا خۆڕاگری دەکەن و ئامادەنین دڵ لە ماڵ و شارەکانیان هەڵکەنن. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here