ترەمپ؛ نیگەرانییە سەرەكییەكەی ئەوروپا

0
14

ترەمپ بووەتە مایەی هەڕەشە لەسەر رێككەوتنە ستراتیژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا

رووداو – هەولێر

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هیچ هاوپەیمانێكی ئەمریكا نەبووە بە ترسەوە چاوەڕێی وتار یان تویتێكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا نەكات. ئەوروپییەكان كە لە هەشت دەیەی رابردوودا گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریكا بوون، دڵنیا نین لەوەی ترەمپ ئەوان بە دۆست دەزانێ یان نەیار، یان لە دوو ساڵی داهاتووی دەسەڵاتی خۆیدا چ زیانێكی دیكە بە پەیوەندییە مێژووییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا دەگەیەنێ.

زیگمار گابریەل، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی دەڵێت: “ئەو زیانەی ئەو بە پەیوەندییەكانی گەیاندووە، رێك ئەوەیە كە رووسیا خەونی پێوە دەبینی”. ئەمەش ئەوروپییەكانی تووشی پارادۆكسێك كردووە. ئەو گوتی: “لەلایەكەوە ناتوانین لەگەڵ ترەمپ هەڵبكەین و لەلایەكی دیكەوە بێ ئەمریكاش هەڵناكەین”.
وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا هەوڵدەدەن خۆیان بۆ ئەو حاڵەتە ئامادە بكەن كە پێویست دەكات پەیوەندییە ستراتیژییەكانیان لە بوارەكانی سەربازی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا بپچڕێنن. دامەزراندنی سوپای ئەوروپا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی بازرگانی لە دەرەوەی دۆلار نموونەی ئەو هەوڵانەن.

بەرپرسێكی ئەوروپی بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی، بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاند “جارێ لەگەڵ دۆخەكەدا هەڵدەكەین، حوكمڕانی بە تویت جیاوازە لە حوكمڕانی لە رێگەی هەوڵ و پەیوەندیی دیپلۆماتیكەوە. بەڵام چی بكەین، دەبێ ئەمەش قەبووڵ بكەین و خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین. وابزانم ستافە ئیدارییەكەی كۆشكی سپیش هێندەی ئێمە سەریان لە دۆخەكە سوڕماوە”.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ هەوڵی جێبەجێكردنی زۆربەی ئەو شتانەی داوە كە لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە 2016 زۆربەی شارەزایان تەنیا وەكو بەڵێنی بەتاڵی كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن سەیریان دەكرد، لەوانەش دەرچوون لە رێككەوتنی پاریس بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەرمبوونی كەشی زەوی، هەڵپەساردنی پەیماننامەی ئەتۆمی لەگەڵ رووسیا، دەرچوونی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و كۆمەڵەی 5+1 و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا.

گابریەل لەمبارەوە دەڵێ: “سەرەتا دەمانگوت ئەوە خەریكی كەمپینكردنە و دوای هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی دەگۆڕێ، بەڵام راستییەكەی ئەو هەڵوێست و پێگەی كۆی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی ئەمریكای گۆڕی. سەیرە كەسێك بتوانێ لە ماوەیەكی ئەوەندە كورتدا پەیوەندییەك لەبەریەك هەڵوەشێنێ كە دروستكردنەكەی چەندین دەیە كاتی ویستووە”.

لە مانگی تەمووزی پارساڵ ترەمپ یەكێتیی ئەوروپای بە گەورەترین نەیاری ئەمریكا لەقەڵەم دا، واتە پێش چین و رووسیا. بەرپرسێكی باڵای فەرەنسیش بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاند “لە زۆر پرسدا هەوڵدەدەین بڕوای پێ بهێنین كە ئەوروپا هاوبەشێكی سەرەكیی ئەمریكایە، بەڵام ئەو دەڵێ من پێویستم بە ئێوە نییە و ئەوروپا لە چین خراپترە”.

ململانێی ئەوروپا و ئەمریكا شتێكی نوێ نییە، بەتایبەتیش لە بوارەكانی سیاسەتی بازرگانی و بودجەی سەربازیدا، بەڵام ئەوە یەكەمجارە سەرۆكێكی ئەمریكی دژی دامەزراوەی یەكێتیی ئەوروپا بێ، لەوانەش پشتگیریكردن لە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا و هاندانی فەرەنسییەكان بۆ ئەوەی هەمان رێچكە بگرنەبەر، ئەمەش وایكردووە ئەمریكا چیدی بەشێك لە چارەسەری كێشەكانی یەكێتیی ئەوروپا نەبێ، بەڵكو كێشەیەكی دیكە بێ سەرباری هەموو كێشەكانی دیكەی یەكێتییەكە.

نیڵس ئانین، بریكاری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: “شتی وامان نەبینیبوو كە لە ئەمریكاوە هەڕەشە لەسەر پڕۆژەی ئەوروپی دروست بكرێ”. پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئەوروپییەكان دەتوانن بێ پشتگیری ئەمریكا یەكێتییەكە و ئەو ئاشتییە درێژخایەنەی كیشوەرەكەیان بپارێزن. تۆماس كلاین برۆكۆف، بەڕێوەبەری سندوقی مارشاڵی ئەڵمانی لە بەرلین گومانی هەیە ئەوروپا بتوانێ بێ پشتگیری ئەمریكا بەرگری لە یەكێتییەكەی بكات و دەڵێ: “ئەمریكا ئەگەر بیەوێ یەكێتیی ئەوروپا پارچە پارچە بكات، دەتوانێ. چونكە یەكێتیی ئەوروپا پڕۆژەیەكی لەرزۆك بوو بە گەرەنتییەكانی ئەمریكا دامەزرا”.

بیركردنەوەی سیاسیی ترەمپ و ئەو هەنگاوانەی لە ماوەی سەرۆكایەتی خۆیدا هاویشتوونی درێژكراوەی ئەجێندایەكی بەرفراوانترن كە لە 10 ساڵی رابردوودا وەكو دژبەری جیهانگیری، كۆچبەران و نایەكسانیی ئابووری هاتووەتە ئاراوە. 

هەر بۆیەش كەم نین ئەو بەرپرسە ئەمریكی و ئەوروپییانەی پێیانوایە ترەمپ دەرگای لە كۆمەڵێك پرس كردووەتەوە كە پێشتر ئەوروپییەكان و لیبراڵەكانی ئەمریكا نەیاندەویست بیری لێبكەنەوە، هەرچەند تاوەكو ئێستاش وێنەی زاڵی ئەوروپییەكان بۆ ترەمپ وێنەیەكی كاریكاتەریی كەسێكە كە هیچ لە سیاسەت و دیپلۆماسی نازانێ.

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی بەریتانیا دەڵێت “سەركردەكانی ئەوروپا هەڵەدەكەن ئەگەر ئاستی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاریكاتەرێك دابەزێنن، ئەم هەڵوێستە بە مانای كەمكردنەوەیە لە بایەخ و جیدییەتی ئەو پیاوە، بە كەم سەیركردنی ئەو شیكارییانەیە كە سەرۆكی ئەمریكا و تیمەكەی لەبارەی كێشە جیاجیاكانەوە دەیهێننە ئاراوە”.

ترەمپ و سێ میمەكەی ئەوروپا

لە دوو ساڵی رابردوو ئانگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا و تێرێزا مەی، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رێگەی جیاوازیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ترەمپ گرتووەتەبەر، هەمووشیان شكستیان هێناوە. 

مێركڵ بە نەخشە و ژمارە و چارت ویستی بایەخی پەیوەندییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بە ترەمپ بسەلمێنێ، بەڵام دەرچوونی ئەمریكا لە رێككەوتنەكەی پاریس، مێركڵی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی ترەمپ كەیفی بە زانست نایەت. لەو كاتەوە مامەڵەی مێركڵ لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی ئاسەوارەكانی بڕیارەكانی بووە.

ئەزموونی ماكرۆنیش لە هی مێركڵ سەركەوتووتر نەبووە. ترەمپ دووجار سەردانی فەرەنسای كردووە، ماكرۆنیش یەك جار سەردانی كۆشكی سپی كردووە. یەكەم گەشتی ترەمپ بۆ فەرەنسا لە تەمووزی 2017 و بۆ نمایشە سەربازییەكەی رۆژی نیشتمانیی بوو. لە نیسانی 2018ش ماكرۆن و بریگیتی هاوژینی سەردانی واشنتنیان كرد. ئەو كات ماكرۆن سەركردایەتی هەوڵێكی نێودەوڵەتی دەكرد بۆ قایلكردنی ترەمپ بەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران دەرنەچێ.

ماكرۆن بە دەستی بەتاڵ لە كۆشكی سپی دەرچوو، مانگێك دوای سەردانەكەی ماكرۆن ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران كشایەوە. هاوڕێیەكی نزیكی ماكرۆن بە (پۆست)ی راگەیاندووە :”لە ماكرۆنم پرسی گەشتەكە چۆن بوو، ئەویش گوتی زۆر زۆر سەخت بوو”.

لە تشرینی دووەمی رابردوو، ترەمپ جارێكی دیكە بۆ 100 ساڵەی كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم سەردانی فەرەنسای كرد. پێش گەشتەكە ترەمپ خۆی بە “ناسیۆنالیست” لە قەڵەم دابوو و هێرشی كردبووە سەر پڕۆژەكەی ماكرۆن بۆ دامەزراندنی سوپای سەربەخۆی ئەوروپا. ماكرۆنیش لە گوتارەكەی خۆیدا ناسیۆنالیزمی بە “خیانەت لە نیشتمانپارێزی” لە قەڵەم دا. خۆپیشاندانەكانی هێڵەك زەردەكان ماكرۆنی وا لێكردووە وەكو جاران نەتوانێ خەم لە كێشە ئەوروپییەكان و كۆنتڕۆڵكردنی ترەمپ و ئاسەواری كردەوەكانی بخوات.

مەی هاوشێوەی هەردوو هاوتا ئەوروپییەكەی خۆی سەركەوتنێكی ئەوتۆی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا بەدەستنەهێناوە، ترەمپ لایەنگرێكی سەرسەختی لایەنگرە توندڕەوەكانی برێكزتە، لەوانەش بۆریس جۆنسن كە لە كابینەكەی مەیدا وەزیری دەرەوە بوو. ترەمپ رۆژێك پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ مەی گوتبووی “بۆریس سەرۆكوەزیرانێكی باشی لێدەردەچوو”.

رۆژی دواتر ترەمپ لە كۆنفرانسێكی هاوبەشدا بە شان و باڵی مەیدا هەڵدا، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیاش هاوشێوەی ماكرۆن بەهۆی كێشەی نێوخۆییەوە دەرفەت و توانای كۆنتڕۆڵكردنی سەرۆكی ئەمریكای نەماوە.

function InitiateAsyncRequestComments(arguments) { closeLoginInColorbox(); //$(‘.bodyFade’).fadeToggle(); var ajaxPanel = $find(‘ctl00_phTwoColumns_phMain_ControlComments1_PanelComments’); ajaxPanel.ajaxRequest(arguments); } $(document).ready(function () { })

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here