تورکیا: ترەمپ بەڵێنی هاوکاریکردنی دژی پەکەکە بە ئەردۆغان دا

0
635

دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان
دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان

رووداو – ئەنقەرە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەوی دووشەممە 17-4-2017 پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت: ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بەڵێنی کاری هاوبەشی دژی پەکەکە بە ئەردۆغان داوە. 

دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی گشتپرسی تورکیای لە ئەردۆغان کردووە. بەپێی میدیاکانی حکومەتی تورکیاش پەیوەندییەکە ئەرێنی بووە و 45 خولەکی خایاندووە. 

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەندێ زانیاری نەگوتراوی لەسەر پەیوەندییەکە ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە: ترمپ بە ئەردۆغانی گوتووە، لە نزیکەوە هاوکاریی تورکیا دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، کاری هاوبەشیشیان لە عێراق و سووریا زیاتر دەکەن.

بەپێی سەرچاوەکە، ترەمپ ئەردۆغانی بە سەرکردەیەکی بەهێز ناوبردووە. باسیان لەوەش کردووە کە دەبێت لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لێپێچینەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بکرێت.

بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپیش، ئەردۆغان و ترەمپ باسی عێراق و سووریا و رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێکیان کردووە. هەروەها  جەختیان لە هەماهەنگی بۆ شەڕی دژی داعش کردووەتەوە.

جگە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکە، بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە 24 و 25ی مانگی داهاتوو، ترەمپ و ئەردۆغان لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ یەکەمجار چاویان بەیەک بکەوێت.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here