جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت: پێشمه‌رگه‌ سەلماندی براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌

0
128

کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

رووداو- هەولێر

نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند”له‌ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی، كه‌ براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه”. جەختیشیکردەوە کە وڵاته‌كه‌ی له‌ هاوکاریکردنی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانی ئاسایش له‌ دوای كۆتایهاتنی داعشیش به‌رده‌وام ده‌بێت”.

جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 9-5-2017 لەگەڵ مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە، کە بە ئامادەبوونی فرانك بێكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و جۆن شارب هه‌ڵسوڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رده‌وامی پێشڤه‌چوونه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژ به‌ داعش و پشتیوانی درێژخایه‌نی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.

بەپێی هەواڵەکە ، له‌ کۆبوونەوەکەدا مه‌سروور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی به‌ریتانیای كرد له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی و درێژه‌دانیان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و جه‌ختی له‌ گرینگی یه‌كخستنه‌وه‌ و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك “هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت باسی له‌ گفتوگۆكانی پرۆژه‌ی تیمی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستاندا و رایگه‌یاند، له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی، كه‌ براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

بڕیارە له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ بخرێته‌ به‌رده‌ست سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بۆ تاوتووێكردن و په‌سندكردنی.

هه‌ر له‌ کۆبوونەوەکه‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئیقلیمیه‌كان و ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ نەهێشتنی پاشماوه‌كانی تیرۆر له‌دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ.

هەروەها نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ راهێنان و مه‌شقكردن و یارمه‌تیدانی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانی ئاسایش له‌ دوای كۆتاییهاتنی داعشیش به‌رده‌وام ده‌بێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here