جەعفەر شێخ مستەفا: سەتان چەکداری داعش لەلایەن پێشمەرگە دەستگیرکراون

0
256

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە

رووداو – کەرکووک

فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە دەڵێ، سەتان چەکداری داعش دەستگیرکراون و لای پێشمەرگەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سەرتاسەری کوردستان ئامارێکی دروست نییە و لە شوێنێکیش کۆنەکراونەتەوە، ژمارەیان بەوردی نازانرێت.

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە، رۆژی یەکشەممە 28-5-2017، لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی چیرۆکەکانی شەڕی داعش لە باشووری کەرکووک، لەبارەی ئەو پرۆژەیەی بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پڕچەککردنیان دانرابوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: “ئەمە لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەدایە و لەگەڵ چەند وڵاتێکی هاوپەیمان ئامادەکراوە، لەوانە یەکخستەنەوەی هێزەکان و مەشق و پڕچەککردن و باشترکردنی ژیانیان”.

پرۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکراوە و بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نێردراوە. جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: “چاوەڕێی ئەوەین لەوێش لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا هەموو خاڵەکانی تاوتوێبکرێن، دوای رەزامەندیش دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیرکراون، فەرماندەی هێزەکانی 70 گوتی: “ژمارەیان سەتان سەتان چەکداری داعش دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە سەرتاسەری کوردستان ئامارێکی دروست نییە و لە شوێنێکیش کۆنەکراونەتەوە،  هەروەها لەلایەن  پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، دژەتیرۆر و لایەنی جیاجیان دەستگیرکراون، ژمارەیان بەوردی نازانرێت”.

سەبارەت بە پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە، جەعفەر شێخ مستەفا کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، رایگەیاند: “هیچ پلانێک نییە، کاتی خۆی پلان دانرابوو و میحوەرەکانیش بۆ ئازداکردنی حەویجە دیاریکرابوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە پلانەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، لەم کاتەشدا هیچ بەرنامەیەک و ئامادەکارییەک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە نییە”.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here