حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانگەیەکی نوێی دامەزراند

0
878

سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، باسی ئیش و کاری فەرمانگەکە دەکات

رووداو – هەولێر

بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەبارەی قەرزە جۆراوجۆرەكان و دانەوەیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەرز و پابەندییە داراییەکانی دامەزراند.

رۆژی دووشەممە 17-4-2017 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی (فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەرز و پابەندییە داراییەکان – Debt Managment Office ) دراوە.

وەکو ئامانج رەحیم باسی کرد، دامەزراندنی فەرمانگەکە بۆ تۆمارکردنی زانیارییە لەبارەی قەرزی گشتی لە دەوڵەت و بانکەکان، پابەندییە داراییەکانی دیکەی وەکو پارەی پاشەکەوتی مووچەخۆران، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا و بەڵێندەران، پارەی پێشەکی فرۆشی نەوت و چۆنییەتی رێکخستن و بەڕێوەبردنیان بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراندنی ئەو فەرمانگەیە بە هەنگاوێکی باش دادەنێت بۆ زانینی راستی قەرز و پابەندییەکان، بەتایبەتیش پارەی پاشەکەوتی مووچەخۆران و چۆنییەتی  دانەوەی کە مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە.

مەولوود باوەمراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەرکی فەرمانگەکە جەردکردنی قەرزەکان و دانەوەیانە. گوتیشی: سەرەتا فەرمانگەکە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، پاشان دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی.

هاوکات عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، گرنگی دامەزراندی فەرمانگەکە لەوەدایە، لەمەدوا ئەگەر حکومەت بیەوێت قەرز بدات، پێویستی بە دەستەیەک هەیە سەرپەرشتی بکات، هەروەها ئەو قەرزەی لای خەڵکیشە، بەشێوەیەکی رێکوپێک وەریبگرێتەوە.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here