حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە

0
24

دیندار زێباری: هیچ زیندانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە
دیندار زێباری: هیچ زیندانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە

رووداو – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2018 بڵاوکردەوە و چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستانی تێدایە و، دیندار زێباری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو وەڵامی راپۆرتەکە دەداتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، راپۆرتەکان باس لە خراپی مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە دەستگیرکراوان دەکەن لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لە هەندێک لە بنکەکانی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان. 

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە هەندێک لە زیندان و بنکەکانی ئاسایشیشدا، جاروبار مێردمنداڵان لەگەڵ کەسانی پێگەیشتوودا دەبیندرێن. هەروەها زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە پێش ئەوەی دادگایی بکرێن. پاشان، هەندێک راپۆرت باس لە هەبوونی زیندانی سیاسی یان دەستگیرکراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن. 

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکە دەداتەوە و دەڵێ “دیارە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بابەتی ئەشکەنجەدان و لەبارەی هەندێک لە راگیراوان و مامەڵەی هەرێم بووە لەگەڵ مەلەفی داعش، پێشتر وەڵاممان داوەتەوە، بەڵام دیارە دووبارەیان کردووەتەوە، وەڵامیشمان ئەوەیە؛ بەڵێ ئێمە ژمارەیەک مێرمنداڵ و ئافرەتمان هەبووە لە زیندانەکان کە داعش بوون. هەندێکیان سزادراون، هەندێکیشیان بە مەلەفی جیاجیا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. بەشێکیشیان رادەستی حکومەتی عێراق کراون و بەشێکی دیکەشیان ئازادکراون”.

دیندار زێباری لەبارەی زیندانی نهێنییەوە دەڵێ “لە پێنج، شەش ساڵی رابردووشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو بابەتەی دووبارە کردووەتەوە کە باسی زیندانی نهێنی دەکات، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە دووپات دەکەینەوە، هیچ زیندانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە و هیچ زیندانییەکی سیاسیش لە هەرێمی کوردستاندا نییە”. 

لەبارەی بابەتی ئەشکەنجەدانیش دیندار زێباری ئاماژە بەوە دەکات “ئێمە لە وەڵامی ئەو تۆمەتە زۆر روونین، ئەگەر لایەنێک یان کەسانێک ئەشکەنجەدرابن لەژێر لێکۆڵینەوە؛ پرۆسەیەکی تایبەت هەیە دەبێت سکاڵا تۆمار بکرێت، ئەم سکاڵایەش لەرێگەی دادوەی تایبەت و دادگای تایبەتەوە دەکرێت”. 

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە هەیە و تێیدا هاتووە “ئازادی رادەربڕین بەگوێرەی دەستووری عێراق پارێزراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک جۆر سانسۆر دەکات کە دەستوەردانە لە کاری میدیا”. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشک دەخاتە سەر رووماڵی هەندێک لە کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان و ناوی تۆڕی میدیایی رووداویش دەهێنێت و دەڵێت، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا رووداو رێگەی پێدراوە بچێتە هەموو شوێنە گشتییەکان و زانیاری بەدەستبخات، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ ناوچەیەکی باشووری کوردستاندا ناکات و رووماڵی هەموو شوێنەکان وەکو یەکدی دەکات و هەوڵیش دەدات زانیاری پێویست دەربارەی هەر بابەت و کێشەیەک لە لایەنی پەیوەندیدار وەربگرێت.   

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حاڵەتی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستاندا زۆرن. بۆ نموونە، زیندانە نوێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شارە گەورەکاندا بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەبردرێن، رێگە بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ دەدرێت سەردانی زیندانیان بکەن، یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە قەرەبووکردنەوەی دەستگیرکردنی نایاسایی دەکات. 

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تایبەتە بە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تاوەکو ئابی رابردوو نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی کە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دامەزراوە، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش خەرجکردووە.

وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئاینی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو تشرینی یەکەمی رابردوو زیاتر لە 3300 کوردی ئێزدی هەڵاتوون یان رزگارکراون. پاشان، لە تشرینی یەکەمی رابردوویشدا 250 کریستیان لە دەستی داعش هەڵاتن و رزگارکران. 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here