حیزبی شیوعی عێراق جەخت لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد دەکاتەوە

0
133

کۆنگرەی رۆژنامەڤانی تیمی یەکێتی و شاندی حیزبی شیوعی

رووداو – هەولێر

حیزبی شیوعی عێراق جەخت لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد دەکاتەوە و سەرکردەیەکی ئەو حیزبە رایدەگەیێنێ : “پرسی کورد و کوردستانمان وەک پرسێکی خۆمان سەیرکردووە، ئێمە هەمیشە رێز لە ئیرادەی گەل دەگرین، جا گەلی عێراق بێت یان گەلی کوردستان، بڕیاریش هەر بۆ گەلە”.

رۆژی چوارشەممە 10-5-2017،  لە شاری هەولێر شاندێکی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی عێراق سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان سازکرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند: “حیزبی شیوعی عێراق یەکەمین حیزبی عیراقییە لە هەموو کۆنگرەکانی خۆیدا جەختی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد کردووەتەوە، لەسەر ئەو هەڵوێستەشیان زۆرجار بوونەتە ئامانجی شۆڤێنیستی عەرەب و تووندئاژۆکان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقدا”.

سەعدی پیرە گوتیشی: “لە کۆبوونەوەماندا لەسەر پەرۆشیمان بۆ بارودۆخی عێراق کۆک بووین کە زیاتر لە 40 بۆ 50 پلە لەژێر هێڵی هەژاریدایە. هەروەها پەرۆشی و نیگەرانیمان بۆ بارودۆخی خەڵکی عێراق لەسەر مەسەلەی هەژموونی تائیفییەت و عروبی و شۆڤێنی لە عێراق دەربڕی”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، سەبارەت بەو بابەتەی پەیوەندییان بە مافی چارەی خۆنووسین و ئەو گفتوگۆیانەوە هەیە کە ئێستا لەبارەی مەسەلەی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەوان وەکو مافێک و دەروازیەکی یاسایی بۆ ئاییندەیەکی باشتر دەیبینن.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا موفید جەزائیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی عێراق، دیدارەکەی بە دەستپێکردنەوەی ئەو دیدارە لەمێژینانە زانی کە لەگەڵ یەکێتی هەیانبووە و رایگەیاند: “ئێستاش پێویستمان بەو جۆرە دیدارانە هەیە بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوونەکانمان لەگەڵ یەکدی”.

موفید جەزائیری گوتیشی: “لەو دیدارەدا باسی پێشهات و دۆخی عێراق بەگشتی و هەرێم کوردستانمان کرد، ئەوەی بەلای خەڵکەوە گرنگ بێت بەلای ئێمەش گرنگە، هەڵوێستی ئێمە وەکو حیزبی شیوعی عێراق هەردەم ئاشکراو روون بووە لەسەر تەواوی دۆخی وڵات و لەبەرامبەر ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی عێراق گوتیشی: “پرسی کورد و کوردستان، وەکو پرسێکی خۆمان سەیرمان کردووە، ئەمڕۆش سەرلەنوێ جەختمان لەوە کردەوە، هەروەکو چۆن لە رابردوو و هەر لەسەرەتاوە لە ریزی گەلی کورد بووینە لە پرسی مافی چارەی خۆنووسین، ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە، ئێمە هەمیشە رێز لە ئیرادەی گەل دەگرین، جا گەلی عێراق بێت یان گەلی کوردستان، بڕیاریش هەر بۆ گەلە، پێشمانوایە دوا قسە قسەی گەلە”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی عێراق گوتیشی: “پرسی کورد و کوردستانمان وەک پرسێکی خۆمان سەیرکردووە، ئەمڕۆش سەرلەنوێ جەختمان لەوە کردەوە، هەروەک چۆن لە رابردوو و هەر لەسەرەتاوە لە ریزی گەلی کورد بووینە لە پرسی مافی چارەی خۆنووسین، ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە، ئێمە هەمیشە رێز لە ئیرادەی گەل دەگرین، جا گەلی عێراق بێت یان گەلی کوردستان، بڕیاریش هەر بۆ گەلە، پێشمانوایە دوا قسە قسەی گەلە”.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here