حەشدی شەعبی گوندێكیان لە باشووری رۆژهەڵاتی قەیرەوان كۆنترۆڵکردەوە

0
165

گەڕەكی ئیسڵاح زراعی موسڵ كۆنترۆڵكرایەوە

رووداو- موسڵ

هێزەكانی حەشدی شەعبی گوندی موكێبرەیان لە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی قەیرەوان كۆنتڕۆڵكردەوە.

حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە پێنج قۆڵەوە هێزەكانیان ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچکەی قەیرەوان و گوندەكانی دەوروبەریان دەستپێكرد و له چەند كاژێری یەكەميشدا گوندی موكێبرەیان لە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە كۆنترۆڵكردەوە، لە قۆڵی باكووریش بە ئاراستەی گوندی حەیات پێشڕەویان كردووە.

هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی هاتین نەینەوا كۆنترۆڵكردنەوەی گەڕەكی (ئیسڵاح زراعی یەكەمی) لەبەری راستی شاری موسڵ راگەیاند.

رۆژ لەدوای رۆژ گوشارەکانی سەر داعش لە سنووری موسڵ زیاتر دەبن، سوپای عێراقی و پۆلیسی ئیتیحادی و دژە تیرۆر لەلایەک و حەشدی شەعبیش لەلایەکی دیکە ، بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بەرەو ئەو گەڕەکانەی کە تاوەکو ئێستاش لەدەست داعشدا ماون.

راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند “بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە چوار قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی قەیرەوان و گوندەكانی دەورووبەری لە رۆژئاوای قەزای تەلەعفەر دەستپێكرد”.

حاجی جەودەت، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی رێكخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە سنووری هێزەكانی پێشمەرگەوە نزیكن.”

راگەیاندنی حەشدی شەعبی هەروەها دەڵێت “لیواكانی حەشدی شەعبی لە قۆڵی باكوور بە ئاراستەی گوندی ئوم شەبابیت پێشڕەویان كردووەو دەستیان بەسەر بڕێك چەك و تەقەمەنیدا گرتووە، لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قەیرەوانیش دەستیان بەسەر حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنی داعشدا گرتووە.”

هاوکات فەریق روكن عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق رایگەیاند “پێش مانگی رەمەزان تەواوی شاری موسڵ لەدەست داعش كۆنتڕۆڵدەكرێتەوە، چونكە دوای پێشڕەوی هێزە ئەمنییەكان بەتایبەتی لە قۆڵی باكوور لە دوو رۆژی رابردوو چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراو گەمارۆدراون”. 

لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق ناوچەی پیشەسازی، هەرەماتی یەك و دوو و ناوچەی مەعامل و ئەمڕۆش گەڕەكی ئیسڵاح زراعیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و چوونەتە نێو گەڕەكی ئیقیتیسادیین لەبەری راستی شارەكە، شانەی راگەیاندنی جەنگیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “تەنها 10%ی موسڵ بەدەست داعشەوە ماوە”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here