خێرخوازان قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە کەرکووک دروستدەکەن

0
184

لەدوای 2003ـەوە نزیکەی 10 گەڕەکی نوێ لەکەرکووک دروستکراون

 رووداو – کەرکووک 

بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گەڕەکی کوردستان لە کەرکووک، خێرخوازان قوتابخانەیەکی 12 پۆلی دروستدەکەن، تاوەکو چیدیکە منداڵان ناچار نەبن بۆ چوونە قوتابخانە بچنە شوێنی دوور.

گەڕەکی کوردستان یان فەیلەقی کۆن لە کەرکووک، یەکێکە لەو گەڕەکانەی لەدوای ساڵی 2003ـەوە دروستکراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی لێ نیشتەجێیە، کەچی تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان پێنەگەیشتووە.

رێبوار محەممەد، موختاری گەڕەکی کوردستان لەبارەی خزمەتگوزارییەکانەوە دەڵێ “ئەگەر بڵێین هیچ نەکراوە، راست نییە، بەڵام لەجێی داخوازی ئەو خەڵکە نییە، کە چەندین ساڵ ئاوارەبوون و، گەڕاونەتەوە. تائێستاش بەشێک لەژیانی خەڵک لێرەدا، هاوشێوەی ژیانی ئاوارەییە”.

نەبوونی باڵەخانەی قوتابخانە، هیوا عەبدولرەحمان، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەی ناچارکردووە لەسەر پارچەیەک زەوی، باڵەخانەی قوتابخانەیەکی 12پۆلی لەو گەڕەکەدا دروست بکات. 

قوتابخانەکە لەسەر ئەستۆی خێرخوازان جێبەجێ دەکرێ، بەڵام لەقۆناخی یەکەمدا هیوا خۆی بەم کارە هەڵساوە و چاوی لەوەیە بۆ تەواوکردنی باڵەخانەکە کەسانی دیکەش بەدەنگیەوەبێن.

هیوا عەبدولرەحمان دەڵێ “لەسەرەتاوە، کە دەستمان پێکرد، دوو هەزار مەتر زەویمان بۆی داناوە، سوپاس بۆخودا کە لە بناخەوە کاردەکەین و بەرەو پێشەوە دەچێت. کۆمەڵێک خێرخواز هاوکارییان کردووین، قوتابخانەکە لەسەر ئەرکی خێرخوازان جێبەجێ دەکرێ”.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە باڵەخانەی قوتابخانە هەیە، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی ژمارەی دانیشتووانەکانیان بەخێرایی زیاد دەکات، چونکە زیاتر لەسێ ساڵە نەبوونی بودجە رێگربووە لەتەواوکردنی 20 باڵەخانەی قوتابخانە.

عومەر قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک دەڵێ “بەردەوام پێویستمان بە باڵەخانەی قوتابخانەیە. هەرچەندە لە 2013ـەوە تاوەکو ئێستا پڕۆژەکان و پلانی 2014 و 2015ـەمان جێبەجێ نەکراوە”.

تەنیا لەدوای ساڵی 2003ـەوە نزیکەی 10 گەڕەکی نوێ لەکەرکووک دروستکراون، بەشێکی زۆری ئەو گەڕەکانە لەلایەن ئاوارە گەڕاوەکانەوە بنیادنراون، بۆیە زۆربەی سەربازگەکانی پێشووی حکومەتی بەعس تێکدراون و، دەکرێنە گەڕەکی نیشتەجێبوون.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here