خەلیل دوای 31 ساڵ بە هەڵەبجە و کەسوکارەکەی شادبووەوە

0
32

لەسەر گۆڕی باوکی گریان و لەلای دایکی شادی و دڵخۆشی

رووداو – هەڵەبجە

دوای گەڕانەوەی بۆ هەڵەبجە، یەکەم شوێن کە خەلیل سەردانی کرد گۆڕی باوکی بوو. ھەرچەندە سۆزی باوکی خۆی نەبینیووە، بەڵام خەلیل بەکوڵ لەسەر گۆڕەکەی گریا.

گریانی خەلیل ئەو کاتە بووە خەندە و شادی کە گەڕایەوە لای مەلیحە محەممەدی دایکی و بە هەڵدانی گوڵ و دابەشکردنی شیرینی پێشوازی لە خۆی و ئەو خێزانەش کرا کە لە ئێران لە نۆ مانگییەوە گەورەیان کردووە و ئێستا تەمەنی 31 ساڵە.

مەلیحە محەممەد دەڵێت “ئەوەندە دڵخۆشم وادەزانم خەون دەبینم. ئەو کاتەی لە تاران چاوم بە خەلیل کەوت و باوەشم پێدا کرد، ھەستم دەکرد تازە لەدایکبووم، ئەوەندە پێمخۆش بوو نەمدەزانی چی بکەم”.

دوای کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە 16-3-1988، لە شاری کرماشان خەلیلی تەمەن نۆ مانگ لە خێزانەکەی دادەبڕێت و لەلایەن خێزانێکی ئێرانییەوە ھەڵدەگیرێتەوە و بەخێودەکرێت. خێزانەکە ناوی دەنێن محەممەد و لەگەڵ منداڵە تاقانەکەی خۆیادا گەورە دەبێت.

مەحسوومە مەھدیپوور، دایکە ئێرانییەکەی خەلیل دەڵێت “عەلی سێ ساڵ تەمەنی لە محەممەد گەورەترە، پێکەوە گەورە بوون، لەگەڵ یەکدی یاریان دەکرد و لەسەر یەک سفرە گەورە بوون. من کە دایکی محەممەدم بینی خودا دەزانیت هەم دەگریام و هەمیش چەپڵەم لێدەدا و زۆر خۆشحاڵبووم کە شەوێکی ئاوا پێشهاتووە کە من دایکی محەممەد دەبینم. من زۆر خۆشحاڵبووم”.

کاتێک دەیەوێ ژیانی ھاوژینی پێکبھێت باوکە ئێرانییەکەی خەلیل بە خێزانی ھاوژینەکەی دەڵێت، کە محەممەد یەکێکە لە منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە. دوای ئەوە خەلیل دەگەڕێتەوە ھەڵەبجە و بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لایەتی خێزانی مەلیحە محەممەد گوماندەکەن کە منداڵی ئەوان بێت، بۆیە دەچنە ئێران و پشکنینی DNA دەکەن و دەردەکەوێت کە خەلیل منداڵە ونبووەکەی ئەوانە.

خەلیل ساڵح “زۆر خۆشحاڵم، وشەکان ناتوانن هەستی ئەمڕۆی من بگەیێنن، ئەو بڕیارەی بەرپرسان دەیدەن و ئەو حوکمەی دادگا دەریدەکات لە داهاتوودادەریدەخات کە من دەمەوێ چی بکەم، ئێستا پێموایە زۆر زووە بۆ ئەوەی بڕیارێکی بەپەلە بدەم”.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here