خەندان زانیارى لەبارەى کۆبوونەوەى سبەى یەکێتى و پارتى بڵاودەکاتەوە 2 .

0
24

خەندان-

وابڕیارە سبەى لە شارى هەولێر هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى بەسەرکردایەتى کۆسرەت رەسوڵ عەلى و نێچیرڤان بارزانى لەسەر پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ  خەندان ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسى پێکهینانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە دەکەن کە یەکێتى وەک پێشمەرجى پێکهێنانى حکومەت داویەتییە پارتى، بابەتى دەستگیرکردنى کادیرانى هەردوو حزب و ئەو گرژیانەى لەماوەى رابردوو دروستبوو، بەشێکى تر دەبێت لە باسەکانى ناو کۆبوونەوەکە و هەردوولا لەگەڵ ئەوەدان کە هاوڵاتیان دڵنیابکرێنەوە کە بەهیچ جۆرێک ئەو گرژیانە دووبارە نابنەوە.

هەر بە وتەى ئەو سەرچاوەیەى پارتى، ئەگەر شاندى یەکێتى و پارتى لەسەر پرسى پێکهێنانى حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، ئەو کاتە کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى ئەنجامدەدرێت.

خەندان زانیویەتى کە یەکێتى بە پارتى دیموکراتى کوردستانى وتووە کە بەهیچ شێوەیەک سازش لەو پاکێجە ناکات کە داویەتییە پارتى و بەروونى ئاماژەى بەوەکردووە کە دەبێت رێککەوتنێکى سیاسى لەسەر تەواوى پرسەکانى هەرێمى کوردستان و کەرکوک و بەغداد بکرێت، لەبەرامبەردا پارتى داواى کردووە کە سەرەتا با پرسەکانى سەرۆکى هەرێم و حکومەت و پەرلەمانى کوردستان یەکلابکرێنەوەو دواتر پرسەکانى کەرکوک و بەغداد گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، یەکێتیش بەروونى بەپارتى وتووە ناکرێت لەبەغداد و کەرکوک کێشە هەبێت و لە هەرێم رێککەوتن هەبێت.

پارتى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەوەى براوەى کۆتا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بووە و مەسرور بارزانى راسپێردراوە بۆ پێکهینانى حکومەت، مەسعود بارزانى لە هەوڵدایە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت، هەر بۆیە مەسعود بارزانى هەموو هەوڵەکانى چڕکردۆتەوە تاکو لە کۆبوونەوەى سبەى یەکێتى و پارتى بگەنە رێککەوتن.

لەئێستادا پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵەکانى چڕکردۆتەوە تاکو شەریکە مێژووییەکەى رازى بکات و هەرچى زووە حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت ناکۆکى لەناوخۆى پارتى دروستکردوە و لایەنگرانى مەسرور بازرانى نیگەرانن لە سستى حزبەکەیان بۆ پێکهێنانى حکومەت.

رۆژى ٣٠ ى ئەیلولى ٢٠١٨ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدراو زیاتر لە سێ مانگە هێشتا هیچ ئاسۆیەکى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدیناکرێت، ئەوەش نیگەرانى زۆرى لەنێو لایەنگرانى مەسرور بارزانى دروستکردووە و لە کۆبوونەوەکانى ماوەى رابردوودا داوایان کردووە هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ لە پێناو هەرچى زوو پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

[ad_2]

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here