داعش لە نەخۆشخانەی گشتی موسڵ 400 کەسی زیندانی کردووە

0
233

فڕۆکە جەنگییەکان گەڕەکەکانی زەنجەلی و سەحە بۆردوومان دەکەن

رووداو – موسڵ

فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و عێراق بۆردوومانی چڕی گەڕەکەکانی زەنجەلی و سەحەی موسڵیان دەسپێکردووە. منداڵان و ژنان نزیکەی کیلۆمەترێک دەبڕن تاوەکو دەگەنە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان.

دوو منداڵی ئاوارە لەژێر خانووە بۆردوومانکراوەکەیانەوە لە دەست داعش هەڵاتوون و بۆ دایک و باوکیان دەگرین، نازانن لە بۆردووومانەکاندا کوژراون یان ونبوون.

بەگوێرەی زانیاریی ‌هێزە عێراقییەکان داعش لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەکانی موسڵ نزیکەی 400 کەسی زیندانی کردووە کە پێشتر بەدیل گرتوونی. 

لە نەخۆشخانەی گشتی و لەلای راستی موسڵ کە بەتەنیشتییەوە نەخۆشخانەی کۆماری هەیە، زانیاری هەیە کە لەژێر زەمینی یەکێک لەو نەخۆشخانانەدا ئەو کەسانە کۆکراونەتەوە کە لەشەڕەکاندا بەدیلی کەوتوونەتە دەستی داعش، ژمارەیان نزیکەی 400 کەسە. 

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگیری عێراقی ، بەشێک لە دیلەکانی سوپای عێراق، پۆلیس، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هەندێ لە کوردانی ئێزیدییش لەوێ بەندکراون.

داعش ئاڵا رەشەکەشی لەسەر هەردوو نەخۆشخانەکە هەڵکردوە، تاوەکو فڕۆکە جەنگییەکان بیانکاتە ئامانج، دوای ماوەیەک نهۆمی سەرەوەی نەخۆشخانەی گشتیی بۆردوومان کرا.

لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر دەچینە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە، شەڕێکی قورس بەرپابووە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعش کرایە ئامانج. چەکدارانی داعش تەنها چەند ماڵێک لە هێزە عێراقییەکان دوورن دەنگی تەقەکانیان زور نزیکە. 

هێزەکانی دژەتیرۆر 75%ـی گەڕەکی تەندروستی و 60%ـی گەڕەکی زەنجەلیان کونتروڵکردەوە. داعش پێش جێهێڵانی ئەم ناوچەیە 40 کەسی کوللەباران کرد، کە دەیانویست هەڵبێن.

بەهۆی بۆردوومانەکانی داعش و سوپای عێراق 13 کەسی مەدەنی کوژران و تەرمەکانیان کەوتە ژێر خانووە رووخاوەکانەوە. سەرباری هەموو مەترسییەکان خەڵکی رێگەی هاتوو و نەهات تاقی دەکاتەوە. ئەوانەشی رزگاریان دەبێت نازانن روو لەکوێ بکەن. 

دوو منداڵ لەگەڵ مامیان هەڵاتوون و لەژێر خانووە بۆردوومانکراوەکان رزگاریان بووە. ئەم منداڵانە بۆ دایک و باوکیان دەگڕێن کە نازانن چیان بەسەر هاتووە.

دۆخەکە هێندە سەختە ، هەرکەس دەیەوێت ژیانی خۆی رزگار بکات. ئەوانەی کە توانای رێکردنیان نەبوو ئێستا لە ترسی گیانیان پێیان گرتووە. 

پیرەژنێک زیاترە لە کیلۆمەترێک رێیکردوە تاوەکو خۆی گەیاندووەتە هێزە عێراقییەکان، تا هێزە عێراقییەکان لە موسڵی کۆن نزیکتر ببنەوە شەڕ خوێناوی تر دەبێت و قوربانی و وێرانکاری زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here