دانیشتووانی 23 گوندی ئیلام و لوڕستان ناچاردەکرێن ماڵەکانیان جێبێڵن

0
307

سەدان هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخ خەریکە ژێرئاو دەکەون

رووداو – هەولێر

حکومەتی ئێران دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی سەیمەرەی لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان لە ماڵەکانیان دەرکردووە، گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە گەیشتووەتە ئاستێک، لانیکەم 23 گوند، سەدان هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخ خەریکە ژێرئاو دەکەون.

ناوچەی عەرەو رووبار لە شاری بەدرەی ئیلام، شوێنێکی گونجاوی کشتوکاڵییە و لە کۆنەوە جێی نیشتەجێبوونی خەڵک و کشتوکاڵکردن بووە، بەڵام وردە وردە دانیشتووانی ئەم گوندانە دەبێ ماڵئاوایی لە گوند و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن.

کۆمیسیۆنی کۆنترۆڵی قەیرانە سروشتییەکانی ئێران بڕیاریداوە بۆ رێگریکردن لە زیانەکانی لافاو لە پارێزگای خوزستان، ئاستی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی سەیمەرە زیاد بکات. ئەو کارە بە واتای ژێرئاوکەوتنی 13 گوندی سەر بە شاری کۆدەشتی لوڕستان و زیاتر لە 10 گوندی شاری بەدرەی ئیلامە.

بەنداوی سەیمەرە نزیکەی هەشت ساڵە تەواوبووە، گەورەترین پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەیە لە پارێزگای ئیلام و توانای گلدانەوەی سێ هەزار و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام تائێستا بەهۆی ئەوەی حکومەت و دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوەکە لەسەر بڕی قەرەبوو رێکنەکەوتبوون، گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوە، کەمتر لەو رێژەیە بوو کە حکومەت داینابوو.

ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ئاو رژاوەتە نێو گوندەکان و خەڵک ناچارکراون ماڵەکانیان چۆڵبکەن. رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاندووە، حکومەت بڕیاریداوە تاوەکو سێ مانگی دیکە قەرەبووی خانوو و زەوییە کشتوکاڵییەکانی خەڵکی ئەو گوندانە بکاتەوە. بەڵام خەڵک هیوایان بەو بەڵێنانە نییە و دەڵێن “حکومەت هەشت ساڵە نەیتوانیوە لەسەر بڕی قەرەبوو، خەڵکەکە رازی بکات”.

بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە، حکومەت بڕە پارەیەکی کەمی بۆ قەرەبووکردنەوەیان پێشنیاز کردووە. بۆ نموونە بۆ هەر دارێکی تەمەن چەند ساڵ، دەیەوێت تەنیا 12هەزار تمەن بداتە خەڵک. ئەمە لەکاتێکدا دانیشتووانی ئەو گوندانە ژیان و داهاتیان لەسەر کشتوکاڵە و ئێستا نە ماڵیان هەیە و نە داهات. دەستیشیان لەبەرامبەر حکومەت بەتاڵە. 

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here