دوایین پێشهاته‌كانی هه‌ڵبژاردنی شارەوانییەکان لە توركیا

0
297

جەهەپە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵی بردووەتەوە و ئاکپارتی دانی پێدا نانێت

رووداو-ئیستەنبووڵ

دوای تێپەڕینی زیاتر لە هەفتەیەک تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رانەگەیەندراوە. پارتی دەسەڵاتدار لە ئەنجامی شارە گەورەکان ناڕازییە بەهۆی ئەوەی پارتی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە) تێیدا براوەبووە و هەریەک لە گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرەی بەدەستهێناوە.

10 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كانی توركیا و باكووری كوردستان تێپه‌ڕیووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ده‌مه‌قاڵێیه‌كان له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه‌. ئاكپارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌هاوپه‌یمانێتیی جمهوور سه‌رباری ئه‌وه‌ی 51%ی كۆی ده‌نگه‌كانی توركیای به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌شاره‌وانییه‌كانی گه‌وره‌ پارێزگاكانی توركیای له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ به‌رچاوترینیان ئه‌نقه‌ره‌ و ئیسته‌نبووڵه‌. به‌بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆن ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌نجامی شاره‌ گه‌وره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌.

هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ به‌ده‌م ره‌خنه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی هه‌وڵه‌كانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كات و پێیوایه‌ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر دژایه‌تی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران ده‌كات.  

سەزایی تەمەللی، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند: “سەرباری کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان و تێپەڕبوونی 10 رۆژ بەسەریدا، هێشتا لە تورکیادا ئەنجامەکان بە شێوەیەکی جددی دەمەقاڵەیان لەسەر دەکرێت. لە پشت هەموو ئەو دەمەقاڵەیە بێ دیدگەیی و شپرزەیی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان هەیە. ئیستا کۆمەڵگە رووبەڕووی تابلۆیەکە کە تێیدا یاساکانی تایبەت بەو دەستەیە و دەستووریش پێشێلکراون”.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە، مێراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد و هۆشداریی دایە ئاکپارتی بەوەی ئەگەر رێز لە ئیرادەی گەل نەگرێت، سزای گەل لەسەری قورستر دەبێت.

مێراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند: “لە 12ی ئەیلوولدا ئەمەمان بەسەرنەهات، لە تورکیایەک کە سەرۆکێکی کودەتاچی بەڕێوەی دەبرد ئەمەمان بەسەر نەهات. کاتێک خوالێخۆشبوو ئۆزال بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا، زۆر بە ئاسوودەیی بەڵگەنامەی وەرگرت و لەلایەن ئێڤرەنەوە پیرۆزبایی لێکرا و بەردەوامبوو لە رێگەکەی. بۆچی لەکاتی سەرکەوتنی ئاکپارتی دەڵێن ستافی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە زۆر باش بوو، بەڵام لەکاتی شکستدا قەبووڵی ناکەن؟ ئەم گەلە پێویستی بە ئارامی هەیە. ێویستی بە باشبوونی دۆخی ئابووری هەیە. نەک ئەمەی ئێستا”.

لەکاتی گەڕانەوەی لە رووسیاوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی لەبارەی هەڵبژاردنەکان دایەوە. رایگەیاند ئەم گومانانەی هەن، ئیستەنبووڵ بەرەو دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن دەبەن.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا گوتی: “بە 13-14 هەزار دەنگ سەرکەوتن بووە؟ لێرەدا باس لە تانە و ناڕەزایی دەکرێت. لە شارێکی وەکو ئیستەنبووڵ کە باس لە نزیکەی 11 ملیۆن دەنگ دەکرێت، باشە لەم دۆخەدا ئێمە چی بکەین؟ دەست لە ناڕەزاییەکان هەڵبگرین؟ مەرجەع دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانە کە دوایین بڕیار لەوێوە دەرچوو، ئێمەش دەڵێین سەر سەر و سەر چاوانمان. به‌ڵام دەبینین لە ئیستەنبووڵ کارمەندی شارەوانی کراوەتە سەرپەشتیاری سندووقەکان، برادەران لەسەریانە حاڵەتی هاوشێوە دەستنیشانبکەن. بێگومان ئەمانە گەورەترین بێ ئوسووڵین لە پرۆسەکەدا کە ئەمە گومانی دروستکردووە. ئەگەر راشکاوانە رەفتار لەگەڵ ئەمەدا بکرێت، ئەوا کارەکە بەرەو هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردن دەچێت”. 

سه‌رباری چه‌ندباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی زیاتر له‌ 26 شارۆچكه‌ی ئیسته‌نبووڵ و هه‌ڵاوێردكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌كان و سووتاوه‌كان، به‌ڵام به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، به‌ربژێری جه‌هه‌په‌ بۆ پۆستی گه‌وره‌ شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵ دەنگی زیاتری به‌ده‌ستهێناوه‌. 

هه‌ستیاری ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وایكردووه‌، پارته‌كانی سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانێتیی جمهور له‌لایه‌ك و هاوپه‌یمانی میلله‌ت له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌لایه‌كی دیكه‌ دیدارو كۆبوونه‌وه‌ ساز بكه‌ن و گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین پێشهاته‌كان بكه‌ن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here