دوای هێرشەکەی نیوزلەند ئاسایشی مزگەوتەکانی ئەمریکا تووندتر دەکرێت

0
10

موسڵمانانی ئەمریکا رەخنە لە هەڵوێستی ترەمپ دەگرن بەرامبەر هێرشەکە


رووداو – واشنتن 

دوای هێرشە خوێناوییەکەی نیوزلەند، لە ئەمریکا ئاسایشی مزگەوتەکان تووندترکراون و پۆلیس ترسیان هەیە هێرشی هاوشێوە رووبدات.

‌له مزگه‌وتێكی‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا ترس هه‌یه‌ هێرشی هاوشێیوه‌ی په‌لاماره‌ خوێناوییه‌كه‌ی نیوزله‌ند رووبدات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هه‌زران كیلۆمه‌تر له‌ هێرشی سه‌ر مزگه‌وته‌كانی نیوزلەند دووره‌.  

ته‌نانەت دوای تەواوبوونی نوێژی هه‌ینی، ئۆتۆمبیلی‌ پۆلیس هێشتا نەڕۆشتبوو، له‌نێو مزگه‌وته‌كه‌وه‌ پۆلیس ده‌بینرا. له‌سه‌راپای ئه‌مریكادا به‌مشێوه‌یه‌ رۆژی هه‌ینی رێوشوێنی تووندتری ئاسایش گیرایه‌به‌ر، دوای ئەوەی رێكخراوێكی ناحكومی كه‌ به‌رگری له‌ مافی موسڵمانان ده‌كات، داوای تووندکردنی ئاسایشی لە مزگەوتەکان کرد.

عەباس بارزەگەر، چالاکوانی موسڵمان لە واشنتن دەڵێت: “هەموومان لە بارودۆخێکداین تووشی شۆک بووین، لە حاڵەتی ترسداین، لە خەمداین بۆ برا و خوشکەکانمان لە نیوزلەند”.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد بەبێ ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌یه‌كی تیرۆریستی ناویبهێنێت. له‌كاتێكدا حكومه‌تی نیوزله‌ند به‌كارێكی تیرۆریستی دانابوو‌.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا گوتی: “ئەو شوێنە پیرۆزانەی خودا پەرستی کرانە دیمەنی کوشتنی بەدکارانە، ئەوەی روویدا هەموومان دیومانە، شتێکی زۆر زۆر قێزەونە”. 

هێرشكه‌رەکە، پیاوێكی سپی پێستی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، مانیفێستۆیه‌كی بڵاوكردووەته‌وه‌ كه‌ تیایدا خۆی به‌ پاڵپشتیكه‌ری دۆناڵد تره‌مپ و شوێنكه‌وتوویه‌كی ئایدۆلۆژیایه‌كی راستڕه ‌و دادەنت كه‌ پیاوی سپی پێستی مه‌سیحی به‌ باڵاتر له‌ خه‌ڵكانی دیكه‌ داده‌نێت.  

نیهاد عەواد، سەرۆکی سەنتەری پەیوەندییە ئیسلامییە – ئەمریکییەکان دەڵێت: “ئەو راستییەی سەرۆک ترەمپ جارێکی دیکە ئەم هێرشەی بە هێرشێکی سپی پێستە باڵاکان لە قەڵەمنەدا دەریدەخات باوەڕی بە باڵای سپی پێست هەیە و دەیەوێت سپی پێستە باڵاکان بپارێزێت”.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ره‌خنه‌ له‌ تره‌مپ ده‌گیرێت به‌وه‌ی به‌تووندی سه‌ركۆنه‌ی ناسیۆنالیستی سپی پێست ناكات. هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ی ساڵی رابردوو هێرشی كرده‌ سه‌ر كڵێسایه‌كی جوله‌كه‌ له‌ ویلایه‌تی پەنسلڤانیا خاوه‌نی هه‌مان دونیا بینی ناسیۆنالیسته‌ سپی پێسته‌كان بوو. 

داتاكان نیشانیده‌ده‌ن له‌ سه‌رده‌می تره‌مپدا هێرش و جیاكاری به‌رامبه‌ر كه‌مینه‌ ئایینییه‌كانی وه‌كو موسڵمانان و جوله‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا زیادیكردووه‌. 

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here