دوو هەفتەیە سەرچاوەی ئاوی قەزای چۆمان تێکچووە

0
32

له‌ ناوه‌ڕاستی چۆمان رووبارێك ئاو ده‌ڕوا، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاو به‌ ته‌نكه‌ر ده‌كڕن

رووداو-چۆمان

ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ به‌فر بارینی زۆر و رووچوونی زه‌وی سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی چۆمانی تێكداوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌و سارد و سه‌رمایه‌دا بێ ئاو بوونه‌، تیمه‌كانی ئه‌ندازیاری ‌به‌رده‌وام سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی ئاون به‌ڵام به‌فر و كڕێوه‌ رێگره‌ به‌سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ بگه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ رووباره‌وه‌ ئاو بۆ چۆمان دابین ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی چۆمان رووبارێك ئاو ده‌ڕوا، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاو به‌ ته‌نكه‌ر ده‌كڕن، رۆژانه‌ هه‌ر ماڵێك بڕی بیست هه‌زار دیناری بۆ كڕینی ئاو پێویسته‌. زۆرن ئه‌و ماڵانه‌ی دڵۆپێك ئاو شك نابه‌ن ناچار ماڵه‌كانیان چۆڵكردووه‌.

فه‌تحه‌ مێرگه‌یی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی چۆمان بە رووداوی راگەیاند: “بارودۆخمان تا بڵێیت له‌ به‌ر بێ ئاوی خراپه‌، ئه‌مڕۆ منداڵه‌كان بێ نان چوونه‌ته‌ قوتابخانه‌ و ئاومان نییه‌ بخۆینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات ده‌بێت بڕۆین و باركه‌ین، تا وه‌رزی به‌هار چۆن بتوانین بێ ئاو له‌و سه‌رما و سۆڵه‌دا بژین”.

چۆمان نزیك سێ هه‌زار و 500 ماڵه‌، ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌سه‌. دوو هه‌فته‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یان شكاوه‌و ئاوی بۆ نایه‌ت. له‌كاتێكدا به‌فر ده‌وره‌ی داوه‌و شه‌وانه‌ پله‌كانی گه‌رمی 9 پله‌ی ژێر سفری سیلیزین.

تیمه‌كان به‌رده‌وام كار بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئاوی چۆمان ده‌كه‌ن، رووچوونی زه‌وی و بارینی به‌فری زۆر، كاری تیمی چاككه‌ره‌وه‌ی ئه‌سته‌م كردووه‌.

كۆسره‌ت محه‌مه‌د، ئه‌ندازیاری پرۆژه‌ی چاككردنه‌وه‌ی ئاوی چۆمان بە رووداوی راگەیاند: “شوێنه‌كه‌ی سه‌خته‌ و كاری لێ ناڕوا نازانین چۆن به‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ بگه‌ین و ئاو تێبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام نیازمانه‌ هه‌ر چۆنێك بێت به‌شێوه‌ی كاتی له‌ رووباره‌وه‌ ئاو به‌ دانیشتووانی چۆمان بده‌ینه‌وه”‌.

ساڵی 2008 به‌ گوژمه‌ی 4 ملیۆن دۆلار له‌ برژه‌وه‌ ئاو بۆ چۆمان دابینكراوه‌، به‌ڵام سه‌ختی ناوچه‌كه‌ له‌و وه‌رزه‌دا و خێرایی ئاستی باو هه‌میشه‌ كرێوه‌ ساڵانه‌ گرفت بۆ ئاوی چۆمان دروست ده‌كات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here