دوو ژنی فەرەنسی نێو داعش لە باغۆز هەڵاتن؛ یەکێکیان قسە بۆ رووداو دەکات

0
46

هەسەدە: زیاتر لە 500 چەکداری داعش لە باغۆز ماون

رووداو – باغۆز

شەڕی نێوان هەسەدە و چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی باغۆز لە دێرەزوور سەختتر بووە. هێشتا ژمارەیەک چەکداری داعش بەرگری دەکەن، بەڵام شەڕڤانان سوورن لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەکە، رۆژانەش خەڵک لەدەست داعش هەڵدێن.

دوو ژنی فەرەنسی هەڵاتووی دەستی داعش بۆ رووداو زانیاری نێو گرووپەکە ئاشکرادەکەن و دەڵێن، هێشتا چەکداری بیانی لەنێو داعشدا ماون.

یەکێک لەو ژنانەی لە باغۆز هەڵاتووە، بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی “زۆر ژن و منداڵ کە لەوێ بوون، کوژران، دەبوو وانەبێت. من دەزانم ئێمە دەستگیردەکرێین و زیندانی دەکرێین بەڵام هیوای پاشەڕۆژێکی باش بۆ خۆم و منداڵەکانم دەخوازم. هەرچەندە زیندانی بکرێین بەڵام رۆژێک هەر ئازاد دەبین و ئەو کاتە بەهێزتر دەبین. وانەیەک لەم ئەزموونە و هەرچی روویدا وەردەگرین. ئەوان دەڵێن، دەوڵەتی ئیسلامییە بەڵام ئەوە راست نییە”.

بەگوتەی ئەو ژنە فەرەنسیانەی نێو داعش کە منداڵیشیان هەیە، پارەیان بە ‌قاچاخچی داوە بۆ ئەوەی لەو باغۆز دەریان بکەن. 

ئەوان دەڵێن، هێشتا ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی داعش لە باغۆز ماون، بەڵام چەکدارە عێراقییەکان رێگەیان نادەن هەڵبێن. دەشڵێن “کۆمەڵکوژی” لە باغۆز روویداوە و ئەوانەی لەوێن هیچ نییە بیخۆن.

مستەفا بالی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 500  چەکداری بیانی لە باغۆز ماون، ئەوانەن کە ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە، بەو هۆیەوە شەڕێکی سەخت بەردەوامە.

دوای خۆڕادەستکردنیان بە هەسەدە، ژن و منداڵەکانی نێو داعش دەبرێنە کەمپەکان و دواتر هەر وڵاتێک بیەوێ دەتوانێ هاووڵاتییەکانی خۆی بباتەوە وڵاتەکەی. فەرەنسا تاوەکو ئێستا 130 کەسی وەرگرتووەتەوە و لە وڵاتەکەی دادگاییان دەکات.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here