دۆڵی بەهرامی چوبین یەکێک لە شوێنەوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە

0
158

یەکێک لە سەردارانی سەردەمی ساسانییەکان بووە

رووداو- هەولێر

تەنگە یان دۆڵی بەهرامی چوبین یەکێک لە شوێنەوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 1500 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. ئەو شوێنەوارە کە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری لە نزیک شاری دەڕەشاری ئیلام هەڵکەوتووە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن سەرەڕای ئەوەی کە تەنگەی بەهرام وەک ئاسەوارێکی نیشتمانی تۆمارکراوە، دەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە نادەن.

بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، بەهرام یان وەهرامی چوبین یەکێک لە سەردارانی سەردەمی ساسانییەکان بووە کە دژی خوسرەو پەرویز، 24ـەمین شای ساسانی شۆڕشی کردووە. ئەو فەرمانڕەوای ناوچەی کوردستان بووە لە سەردەمی پاشایەتی خوسرەو پەرویز و دوای شۆڕش، ئەو دۆڵەی لە ناوچەی ئیلام کردووەتە شوێنی حەوانەوە و پێگەی سەربازی خۆی و سەربازەکانی.

لەسەر گاشەبەردەکان دیواری بەردی قایم دروستکراون. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن پێشتر تەنگەی بەهرام خاوەنی چەندین ئاسەواری مێژوویی بووە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو لەنێوچوونە یان بردراون.

پێشتر لەنێو دۆڵەکەدا، قەڵایەکی سەربازی گەورە هەبووە کە ئێستا تەنیا بەشێک لە دیوارەکانی جێ ماون. هەروەها شوێنی مانەوە و پشوودان ئاوەدان بووە کە ئێستا ئاسەواریان نەماوە.

تەنگەی بەهرامی چوبین لە ریزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمارکراوە، بەڵام لەو تۆمارکردنە تەنیا تابڵۆیەکی پێبڕاوە و هیچ هەوڵێک بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی نەدراوە.

دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن گرینگی مێژوویی تەنگەی بەهرامی چوبین هیچی لە ئاسەوارە مێژووییەکانی دیکەی ئێران کەم نییە. ئەوان داوا دەکەن، حکومەتی ئێران هەوڵبدات ئەو ئاسەوارە لە رێکخراوی یونسکۆ تۆمار بکات تاوەکو لەو رێگەوە پرۆسەی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی دەست پێبکات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here