دێرسیم.. هه‌ده‌په و پارتی كۆمۆنیستی توركیا لە کێبڕکێیەکی سەختدان

0
8

كێبڕكێی دوو پارتی چه‌پڕه‌و له‌ دێرسیم

رووداو – هەولێر

دێرسیمی باكووری كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كانی توركیا كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 31ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، بووه‌ته‌ شانۆی كێبڕكێی نێوان دوو پارتی چه‌پڕه‌و. 

هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و پارتی كۆمۆنیستی توركیا كێبڕكێیه‌كی سه‌خت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی گه‌وره‌ شاره‌وانی و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و شاره‌ی باكووری كوردستان، كه‌ زۆربه‌ی دانیشتوانی كوردی عه‌له‌وین. 

پێشتر هه‌ردوو پارت رێككه‌وتبوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی به‌ربژێرێكیان هه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنیانه‌وه‌ دێرسیم به‌سه‌ر دوو به‌رەدا‌ دابه‌شبوو.

نورشاد یه‌شیل، به‌ربژێری هه‌ده‌په‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانیی دێرسیم دەڵێت “ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماچئۆغڵو هیچ رێككه‌وتنێكمان نه‌بووه‌، خه‌ڵكی دێرسیم دوودڵ نین له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانیان، به‌ڵام خواستی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ پێكه‌وه‌ بچینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئه‌مه‌ بژارده‌یه‌كی دیموكراسییه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێنج لایه‌نی شۆڕشگێڕ هاوپه‌یمانیمان كردووه‌ ئه‌گه‌ر هاوڕێیانی كۆمۆنیست به‌شدارییان له‌ هاوپه‌یمانی هه‌ده‌په‌ بكردایه‌، به‌هێزتر ده‌بووین”. 

تایبه‌تمه‌ندی دێرسیم ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 18 ساڵی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) تاوه‌كو ئێستا هیچ نوێنه‌رێك و په‌رله‌مانتارێكی له‌و شاره‌دا به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ نوێنه‌ریان هه‌بووه‌ بۆ په‌رله‌مان‌. هه‌روه‌ها گوله‌نییه‌كانیش نه‌یانتوانیووه‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی شارەکە‌ كۆنترۆڵبكه‌ن و هیچ كوردێكی عه‌له‌ویش له‌ دۆسیەی گوله‌نییه‌كان تۆمه‌تبار نه‌كراوه‌. 

محه‌ممه‌د فاتیح ماچئۆغڵو، به‌ربژێری پارتی كۆمۆنیستی توركیا بۆ سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانیی دێرسیم دەڵێت “زۆر هه‌وڵدرا بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌، به‌ڵام رێكنه‌كه‌وتین. هه‌ندێكجار رێككه‌وتن ده‌بێت، به‌ڵام كه‌ رێككه‌وتنیش نه‌كرا ئه‌مه‌ كارێكی ئاساییه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی دیموكراتیدا. خه‌ڵكی دێرسیم كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆسیالیسته‌، پێمانوایه پێویستیان به‌ نوێنه‌رێكی سۆسیالیست هه‌یه‌ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌بێت به‌هزرێكی شۆڕشگێڕانه‌ كار بكات. دوا بڕیاریش بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”. ‌ 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here