دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە

0
20

کۆبوونەوەی رۆژی 10-3-2019 ـی سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
کۆبوونەوەی رۆژی 10-3-2019 ـی سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

رووداو- هەولێر

دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکان کۆدەبنەوە.

رۆژی 26-2-2019، بە دەنگی 73 پەرلەمانتار ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران، لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممە 10-3-2019 ـی سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكان بەسەر 15 لیژنە هەمیشەییەكەی پەرلەماندا دابەشكران. پارتی ‌و سۆسیالیست پێكەوە زۆرینەی كورسی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە كە 69 كورسییە ‌و كەمترین كورسیش بۆ فراكسیۆنی ئازادی بووە كە 2 كورسییە.

فراكسیۆنی یەكێتی وەك دووم لیستی براوەی هەڵبژاردن 30 كورسی لە لیژنە هەمیشەییەكاندا هەیە ‌و گۆڕان 18، نەوەی نوێ‌ 12‌، كۆمەڵ 11، یەكگرتوو 8‌، توركمان 6 ‌و مەسیحییەكانیش 9 كورسییان بۆ دیاریكرا. لە رۆژی 12-3-2019 ـش دەنگ لەسەر 14 لیژنەکەی دیکە درا.

تاوەکو ئێستا یەکێتی تەنیا لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی پشکی فراکسیۆنەکان لە لیژنە هەمیشەییەکاندا بەشداریی کردووە و لە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی نەکردووە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەمڕۆ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات.

1 – لیژنەی كاروباری یاسایی
2- لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری
3- لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان 
4 – لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری
5 – لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
6 – لیژنەی كاروباری تەندروسی و ژینگە و مافی بەكاربەر
7- لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی
8- لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی
9- لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
10- لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی
11- لیژنەی شارەوانی گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان
12- لیژنەی رۆشنبری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان
13- لیژنەی دەسپاكی و كاروباری پەرلەمان و سكاڵا
14 – لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایین
15-  لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here