دەست بەپڕکردنەوەی چاڵ و تاسەی رێگەی نێوان شارەکان کرا

0
305

لە پارێزگای هەولێر 55 شوێن زیانییان بەرکەوتووە

رووداو – هەولێر 

دەست بەچاککردنەوە و پڕکردنەوەی چاڵ و تاسەی رێگەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرا. 

تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبان چاڵەکانی رێگەی هەولێر- کۆیە پڕدەکەنەوە، کە بە یەکێک لە خراپترین رێگەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت.

رۆژی 4ـی ئەم مانگە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت بوو بە خراپی و وێرانی بەشێک لە رێگە و شەقامەکان، بەرنامەکە کاریگەری خۆی جێهێشت و چەند رۆژێک دواتر دەستکرا بە چاککردنەوەی رێگەکانی دەرەوە و شەقامی نێو شارەکان.

بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەکانی پارێزگای هەولێر پڕۆژەکانی خۆی ئامادەکردووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ چاککردنەوەی  55 شوێن لە رێگەکانی دەرەوەی پارێزگاکە و دروستکردن و چاککردنەوە 19 پردی رووخاو، داوای زیاتر لە 28 ملیار دیناری کردووە. 

دڵشاد عیمادەدین، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پارستنی رێگەوبانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: “لە سەرتاسەری پارێزگای هەولێر 55 شوێن زیانییان بەرکەوتووە، لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران و تا کۆیە و خەبات تاوەکو موخموور، 19 پردیشمان بەهۆی لافاوەوە رووخاون، چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکەین بودجەمان بۆ تەرخانبکەن، تەنانەت داوای بودجەکی فریاگوزاری دەکەین”.

لە سلێمانی خەمڵاندنی 10 ملیۆن دۆلار کراوە، بۆ چاککردنەوەی ئەو دەیان شوێنەی کە لە سێ هەزار کیلۆمەتری رێگەکانی دەرەوەی پارێزگاکە زیانییان بەرکەوتووە، هەروەها لە سنووری سلێمانی پێنج پرد رووخاون و پێوسیتیان بە دروستکردنەوە هەیە.

ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت: “بۆ چاکسازی بنەڕەتی بودجەی تەواومان لەبەردەستدانییە، داواکارین ئەو بودجەیەی داندراوە زیاتربکرێت، زیانەکان لە پارێزگای سلێمانی و تەنانەت هەڵەبجەش بە 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت”.

بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی رێگەکانی پارێزگای دهۆک 57 شوێنیان لە رێگەکانی دەرەوە دەستنیشانکردووە کە قیرتاوبکرێنەوە، چوار پردیش لە سنووری دهۆک رووخاون و دووبارە پێویستە دروستبکرێنەوە، بۆیە داوای زیاتر لە ١٩ ملیاردینارکراوە.

شارەوانی هەولێر 52 ملیۆن دینار، شارەوانی سلێمانیش زیاتر لە 50 ملیۆن دیناریان بۆ چاککردنەوەی شەقامی شارەکان تەرخانکردووە، لە دهۆکیش بەگوێرەی پێویستی شەقامەکان بۆ چاککردنەوە بودجە تەرخاندەکرێت.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here