دەقی ئەو ماددانەی لە دەستووری تورکیا هەموار دەکرێنەوە

0
644

لایەنگرانی دەنگی بەڵێ
لایەنگرانی دەنگی بەڵێ

رووداو – ئه‌نقه‌ره‌ 

رێژەی 51.3%ی خەڵکی تورکیا، کە دەکاتە زیاتر لە 24 ملیۆن کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان دا، کە ئاکپارتی و مەهەپە پشتگیرییان دەکرد و جەهەپە و هەدەپەش دژی بوون.

لە 22-1-2017 دوای دوو خول ده‌نگدان‌، پرۆژه‌یاسای هه‌موار‌ی ده‌ستووری توركیا به‌ 339 ده‌نگی “بەڵێ‌” و 149 ده‌نگی “نه‌خێر” لە پەرلەمان په‌سندكرا. 

به‌پێی مادده‌ی 175ی ده‌ستووری توركیا،پێویست بوو لە گشتپرسی هەمواری دەستوور‌ 51%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌سندبكرێت و بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بەپێی ئەنجامی گشتپرسییەکەش دەنگی “بەڵێ” بە 51.4% سەرکەوت. 

دەقی ئەو ماددانەی‌ دەستووری تورکیا هەموار دەکرێنەوە:

– ژمارەی پەرلەمانتاران لە 550 پەرلەمانتارەوە دەبێته‌ 600 پەرلەمانتار.

– تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی 25 ساڵییەوە دەکرێت بە 18 ساڵ.

– هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكکۆمار پێنج ساڵ جارێک و لە هەمان رۆژدا ئەنجامدەدرێت.

– پەرلەمان دەسەڵاتی چاودێریی و زانیاری وەرگرتن لەڕێگەی “بەدواداچوونی پەرلەمان”، “کۆبوونەوەی گشتیی”، “لێپرسینەوەی پەرلەمان” و “پرسیاری نووسراو” بەکاردەهێنێت.

– سەرۆكکۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەی ناپچڕێنێت.

– ماوەی ویلایەتی سەرۆكکۆمار پێنج ساڵ دەبێت. یەک کەس دەتوانێت تەنیا دوو خول خۆی بۆ سەرۆكکۆمار هەڵبژێرێت.

– ئەو پارتانەی کە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرۆكکۆماریان هەبێت، پێویستە لانی کەم 5%ی کۆی دەنگەکانی وڵاتیان بەدەستهێنابێت، یان 100 هەزار دەنگدەر دەنگی پێدابن.

– ئەو پاڵێوراوەی لە هەڵبژاردن لەسەرووی 50% دەنگەکان بهێنێت بە سەرۆكکۆمار هەڵدەبژێردرێت.

– سەرۆكکۆمار وەک “سەرۆکی دەوڵەت”، ئەرکی دەسەڵاتی راپەڕاندن دەگرێتەئەستۆ و دەبێتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

– سه‌رۆككۆمار، جێگرانی سەرۆكکۆمار و وەزیرەکان دادەمەزرێنێت و کۆتایی بە ئەرکەکانیان دەهێنێت.

– کاتێک سەرۆكکۆمار بە پێویستی بزانێت گۆڕانکاری یاسایی لە دەستووردا بکرێت، ئەوا پێشکەشی گەلی دەکات تاوەكو دەنگی لەسەر بدات.

– سەرۆكکۆمار لەبارەی بابەتەکانی دەسەڵاتی راپەڕاندن بڕیارنامەی سەرۆكکۆماری دەردەکات.

– بەمەبەستی روونکردنەوەی یاساکان بڕیارنامەی سەرۆكکۆماری دەرناکرێت.

– لە دۆخی دەرکردنی بڕیارنامەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر هەمان بابەتەکان، بڕیارنامەی سەرۆكکۆماری ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

– پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرۆكکۆمار، جێگرانی سەرۆكکۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە.

– ئەو سەرۆكکۆمارەی بڕیار دەدرێت لەبارەیەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بکرێتەوە، ناتوانێت بڕیاری هەڵبژاردن بدات.

– سەرۆكکۆمار، دەتوانێت جێگر یان چەند جێگرێک دابمەزرێنێت.

– جێگرانی سەرۆكکۆمار و وەزیرەکان لەنێوان ئەو کەسانەی توانیویانە ببنە پەرلەمانتار لەلایەن سەرۆكکۆمارەوە دیاریدەکرێن و دەست لە کاری پەرلەمانتاری دەکێشنەوە.

– دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمانتاران لە پۆستی جێگری سەرۆكکۆمار و وەزیر، ئەندامێتییان لە پەرلەمان کۆتایی پێدێت.

– پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدات.

– سەرۆكکۆمار لەدۆخی گونجاوی هەلومەرجی یاسادا دەتوانێت باری نائاسایی رابگەیێنێت.

– جگە لە دادگا دیسپلینەکان، دادگای سەربازی دروست ناکرێت.

– ناوی فەرمانگەی باڵای داواکارانی گشتیی و دادوەران، بۆ فەرمانگەی داواکارانی گشتیی و دادوەران دەگۆڕێت.

– بودجە لەلایەن سەرۆكکۆمارەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت.

– ئەنجوومەنی وەزیران نامێنێت. ئەرک و دەسەڵاتی راپەڕاندن بە رەچاوکردنی دەستوور و یاساکان بەشێوەیەکی گونجاو لەلایەن سەرۆكکۆمارەوە بەڕێوەدەبرێت.

– هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆكکۆمار پێكەوە لە 3ی تشرینی دووەمی 2019 ئەنجامدەدرێت.

– دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی سەربازی، دادگای فەرمانگەی باڵای سەربازی و دادگا سەربازییەکان هەڵدەگیرێن. 

داڕشتنەوە: حەكیم داود



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here