"دەمانەوێت هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەت بین" یەکێتی: دەبێت حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە یاسای بودجەی عێراق .

0
30

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، بەشداریکردنیان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە هاوبەشیکردنی راستەقینەیان لە بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، “دەبێت حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە یاسای بوجەی عێراقەوە”. ئەویش رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەیە کە لە پڕۆژەکەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە. 

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حزبەکەی بە پەرۆشەوە چاوه‌ڕوانی ئەوە دەکات بە زوترین کات کابینەی نوێی حکومەت پێکبێت، تەنها داواکاریشیان لە پارتی ئەوەیە بەشداری ئەوان لە حکومەت گرێدراوە بە “هاوبەشیکردنی کاریگەر و راستەقینەوە”و ئەو هاوبەشییەی لە رێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ پارتی واژۆیان کردوە.

ئەگەر پارتی سورە لەسەر ئەوەی یەکێتی بەشداربێت، دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە یەکێتی بەشدارییەکی راستەقینە و کارای هەبێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر برادەرانی پارتی سورن لەسەر ئەوەی یەکێتی بەشداربێت لەم حکومەتەدا دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە بەشدارییەکی راستەقینە و کارای هەبێت لە بڕیاردان لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دۆسیەی ئەمنی و دارایی و پەیوەندیەکاندا”.

دەسەڵاتی تەواو درایە شاندی دانوستانکار تا بە زوترین لەگەڵ پارتی دەستبکات بە کۆبونەوە

 

لەتیف شێخ عومەر راشیگەیاند، “لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا شاندی دانوستانکار بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دەستنیشانکرایەوە و دەسەڵاتی تەواوی درایە تا بە زوترین لەگەڵ پارتی دەستبکات بە کۆبونەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕۆسەیە لەسەر هەمو ئاستەکان، هەر ئێستا ئامادەین بۆ هەنگاوی پێویست بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی کە لە رێککەوتنامە سیاسیەکەماندا هاتوە، ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ پارتی و دەبێت چارەسەری بکەین”.

دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە یاسای بودجەی عێراق

 

وتەبێژی یەکێتی دەشڵێت، “ئەگەر برایانی پارتی دەیانەوێت بەشداربین لە حکومەت و بڕیارداندا، ئەوا ئێمە دەمانەوێت ئەو پاشەکەوتەی کە هەڵگیرا، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و ئەو خۆشییەی چوە دڵی خەڵکەوە دوای سەردەمێک لە ناخۆشی، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە یاسای بودجەی عێراق تاوەکو خەڵک هەمو رۆژێک لە دڵەراوکێی ئەوەدا نەبێت، پشکی هەرێم لە بەغداوە دێت یان نا”.

 

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان پابەندکراو بە فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، لە بەرامبەردا بەغدا لەسەدا 12.67ی پشکی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەگەر پارتی دەیەوێت حکومەت پێکبێت ئێمەش حازرین، بەڵام دەبێت رێککەوتنە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین

 

لەبارەی دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش کۆتایی ئەم مانگە بەبێ یەکێتی، وتەبێژی ئەو حزبە وتی، “ئەگەر پارتی دەیەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت ئێمەش حازرین هەرئێستا، بەڵام دەبێت رێککەوتنە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین، کە یەکەم خاڵی دەڵێت ئێمە هاوبەشی راستەقینەی یەکترین، ئێمە مانایەکمان بۆ دۆزیوەتەوە پارتیش لەوە تێدەگات و شاندەکەمان دەیخاتە بەردەمیان”.

رونیشیکردەوە، “دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان لای یەکێتی پەکپاکێجە و بەشداری بکەین بەوجۆرە بەشداری دەکەین، لەبەرئەوە هەنگاونان بەرەو دروستکردنی حکومەت هەنگاونان بەرەو تێپەڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، بەو جۆرە رێککەوتنی لەسەر دەکەین کە لە رێککەوتنەکەدا دەڵێت بە سازان، نەک بە سازانی نێوان پارتی و یەکێتی بەڵکو سەرجەم ئەو هێزانەی بەشداری حکومەت دەکەن”.

[ad_2]

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here