رزگاربوویێکی هێرشەکەی ناوچەی موسڵی کۆن باسی ساتی رووداوەکە دەکات

0
208

17ـی ئادار خانووێک لە ناوچەی موسڵی کۆن بۆردوومانکرا

رووداو- هەولێر

دوای مانگ و نیوێک لە هێرشەکەی سەر ناوچەی کۆنی موسڵ کە بەهۆیەوە نزیکەی 300 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا ، یەکێک لە رزگاربووەکان چیرۆکی پێش بۆردوومانەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت داعش خەڵک بۆ ناوچەکانی شەڕ بە زۆر پاشەکشە پێدەکات.

عەلی زەنوون کە یەکێک لە رزگاربووانی هێرشەکەیە ، بە میدیاکانی ئەمریکای راگەیاندووە: “خەڵكێکی زۆر لەو خانووە کۆبوونەوە و هەموویان یەکدیان ناسیوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕ لە ناوچەی کۆنی موسڵ داعش خەڵکی بۆ ناوچەی دیکە گواستووەتەوە”. دەشڵێت :”خۆیان چوونەتە نێو خانووەکە و بەزۆر نەبراونەتە ئەو شوێنە.

عەلی زەنوون بەو شێوەیە باسی رووداوەکە دەکات: “لەو شوێنە کۆبووینەوە چونکە خاوەن ماڵەکە کەسێکی باش بوو و هەمووشمان یەکدیمان دەناسی. بیرم لەوە دەکردەوە کە یەکێک لە کەسوکارەکانم بێن و گوێیان لەدەنگم بێت، بەڵام دواتر بوورامەوە بۆ چەند کاژێرێک ، دواتر هەڵسام و دوای چەند کاژێرێک دیسان بوورامەوە، چەند جارێک هەڵدەستام و دواتر دەبوورامەوە، من کاتی خۆی دڵۆپی لووتم کە کێشەم هەبوو لە لووتم بەکارم دێنا، بەردەوام سێ دانە دڵۆپی لووتم لابوو، هەرکاتێک لەژێر خانووەکە رەوشم خراپ بووایە، چەند دڵۆپێکم دەکردە نێو دەمم.”

١٧ـی ئاداری ئەمساڵ خانوویێک لە گەڕەکی موسڵی کۆن بۆردوومانکرا، بەهۆیەوە بە گوتەی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ 300 کەس لەنێو خانووەکەدا کوژراون، رووداو یەکەمین میدیا بوو بۆردوومانی ناوچەکەی لە موسڵ ئاشکرا کرد، دواتر کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و وڵاتانی هێنایە دەنگ، بەغدا و هاوپەیمانان رایانگەیاند”لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن بەڵام تاوەکو ئیستا ئەنجامی هیچ لێکۆڵینەوەیەک رانەگەیێندراوە”.

زەنوون باس لەوە دەکات کە بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاژێر لەژێر داروپەردووی خانووەکاندا ماوەتەوە، پێش ئەوەی لەلایەن براکەی رزگاربکرێت.

ئەو کە رزگاربوویێکی هێرشەکەی 17ی ئاداری موسڵە دەڵێت: “گوێم لەدەنگی شەڕ دەبوو لە نزیکم ، دەنگی بۆردوومان، پێشبینیم دەکرد جارێکی دیکە شوێنەکە بۆردوومان بکرێت ، دواتر چەند چەکدارێک هاتنە لام و پرسیاریان کرد خەڵکی کوێی ، وەڵامم دانەوە کە خەڵکی ئەو ناوچەیەم ،دواتر جێیان هێشتم و رۆیشتن، پێش رۆیشتن پرسیاریان کرد کە هیچ کەس لەو شوێنە ماوە، گوتم نەخێر، دواتر رۆیشتن، دواتر گەنجێک بە شوێنەکەدا تێپەڕبوو و لێی پاڕامەوە، کە بەتەنیا جێم نەهێڵێت، ئەو گوتی دەچم ئاوت بۆ دێنم، شەو بوو، رۆیشت ئاوی نەهێنا و نەمبینییەوە”. 

17ی تشرینی یەکەمی 2016 ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دەستیپێکرد، گەرچی هێزە عیراقییەکان داوایان لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام لەوساوە هەزاران کەس لە شارەکە دەربەدەربوونە و سەدان کەسیش بەهۆی شەڕ و پێکدادان، یاخود بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here