رووداو وردەکاریی رێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

0
35

پارتی و یەکێتی رێککەوتوون کار بە یاسای نەوت و گاز بکەن

رووداو – هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەمیانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەریکی تەواوکردنی رەشنووسی رێککەوتنێکن، کە شوێنگرەوە یان درێژەپێدەری رێککەوتننامەی ستراتیژیی بێت.

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی 10ـی ئەو مانگە بە رووداوی راگەیاند، نووسینەوەی ئەو رێککەوتنە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی هەردوولا بووە و تاوەکو ئێستاش لەسەر ئەوەی کە ئامادەیان کردووە 80% کۆکن.

رووداو زانیویەتی رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی لە 18 خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، کە جەختکراوەتەوە لە کاری پێکەوەیی لە پەرلەمان، شەفافییەت لە داهات و پەیوەندییەکان، خۆشگوزەرانیی خەڵک و خزمەتگوزاریی لە کابینەی تازەدا و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک.

ئەوەی تایبەتە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوو حیزب هەوڵدەدەن لە پەرلەمانی کوردستان بە یەک تیم کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکان بکەن، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هاوهەڵوێست دەبن لە پرسە چارەنووسسازەکاندا.

هەردوولا رێککەوتوون شەفافییەت لە سامانی ژێرزەویی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەجۆرێک کار بە یاسای نەوت و گاز بکرێت و سندوقی داهاتەکانی نەوت و گازیش دابمەزرێت، هەروەها هەر لەرێگەی حکومەتەوە هەوڵی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بدرێت.

تەواوکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەماندا یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتییە.

رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان:

– شەفافییەت لە داهات و پەیوەندییەکان
– رەخساندنی هەلی کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر
– کاری هاوبەش لە پەرلەمانی کوردستان و پاڵپشتیکردنی حکومەت
– تەواوکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەماندا

رێککەوتنە 18 خاڵییەکەی یەکێتی و پارتی فۆکەسێکی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە لەلایەک و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لەلایەکی دیکە.

هەردوو حیزب دەیانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش تەنیا لەرێگەی حکومەتەوە بێت، لەم خولەی پەرلەمانیشدا بە یاسا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە و وەزیری هەرێمی بۆ دەستنیشانبکرێت.

پێکهێنانی هاوپەیمانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لە رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتیدا باسکراوە، ئەوەش بە ئامانجی هاوهەڵوێستبوون لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەست بە ناوچە جێناکۆکەکان، پرسی نەوت و بودجە و پێشمەرگە. 

بۆ ئەو مەبەستەش پارتی و یەکێتی دەیانەوێ چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە مادەی 140 و ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک، هەروەها گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دیاریبکەن، هەوڵی جدییش بدەن بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک و ئاسایکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا:

– پێکهێنانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان
– چارەسەرکردنی رەوشی کەرکووک و دانانی پارێزگاری نوێ
– گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان
– ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان
– پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لەرێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

وا بڕیارە دوای تەواوکردنی رەشنووسی رێککەوتنەکە و دوای رەزامەندیی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا، رێککەوتنەکە لە مەراسیمێکی تایبەتدا واژۆبکرێت.
 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here