رووسیا ئامادە نییە چەکدارە داعشە رووسییەکان وەربگرێتەوە

0
321

دەزگای ئاسایش چەکدارانی پێشووی داعش بە مەترسی دەزانێت

رووداو – مۆسکۆ

دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی داعش لە سووریا و دەستگیرکردنی سەتان چەکداری بیانی داعش، پرسی گەرمی نێوان وڵاتان وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانەیە کە ئێستا لای هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستبەسەرن. دەزگای ئاسایشی رووسیا رەتیدەکاتەوە ئەو رووسیانە وەربگرێتەوە کە پێشتر چووبوونە نێو داعش و بە مەترسیان دادەنێت.

جگە لە رووسیاش وڵاتانی دیکەش ئامادەنین چەکدارانی پێشووی داعش وەربگرنەوە، بەڵام ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی ئەو دەستگیرکراوانە رادەستی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.

باریس دۆڵگۆڤ، لێکۆڵەری بەئەزموون لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەڵێت :”منداڵان و هەرزەکاران وەردەگیرێنەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە چەکدارە داعشەکان و کەسوکاریان و ژنەکانیانەوە هەیە ئەو بابەتە لەسەر ئاستی یاسا یەکلایی دەکرێتەوە، ئەو کاتە بڕیاردەدرێت کە کێ دەتوانێت بگەڕێتەوە”.

ئەو وڵاتانەی پێشتر لەناو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا بوون 12 هەزار هاووڵاتیی ئەوان لەنێو داعش بوون، لەنێو ئەوانیشدا بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەو پرسە.

یەرلان کارین، نوێنەری ئەنجوومەنی کازاخستان بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت :”بۆچوونێکی یەکگرتوو نییە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا، تەنانەت گفتوگۆیەکی شیکاریش لەسەر ئەو پرسە لەئارادانییە، دەنگی جیاواز لەسەر ئەو بابەتە دەبیسترێت، هەندێک پێیان وایە کە دەبێت دادگای نێودەڵەتی بخرێتە ناو بابەتەکەوە، ئەگەر دادگای نێودەوڵەتیی یەکلایی بکاتەوە دەبێت بزانرێت کە بە چ شێواز و پێوەرێک دەبێت، دواتر ئەو چەکدارانە لەکوێ دەبێت بهێڵدرێنەوە”.

لە رووسیا زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن، نابێت هەموو ئەوانەی چوونەتە نێو داعش بە یەک چاو سەیریان بکرێت و وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

مانەوەی چەکدارە پاشماوەکانی داعش لەزیندانەکانی عێراق و سووریا بەدیدی چاودێرانی سیاسی قەیرانێکی مرۆیی دیکە دروست دەکات لە سۆنگەی ئەوەی کە دەبنە بار بەسەر ئەو وڵاتانەوە.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here