رووسەکان چاوەڕێی چی دەکەن لە کۆبوونەوەی لووتکەی سۆچی؟

0
37

پوتین، ئەردۆغان و رووحانی تاوتوێی دۆخی سووریا دەکەن

رووداو – مۆسکۆ

ئەمڕۆ لە سۆچیی رووسیا، هەرسێ سەرۆکی: رووسیا، تورکیا و ئێران کۆدەبنەوە. پوتین، ئەردۆغان و رووحانی تاوتوێی دۆخی سووریا و بەتایبەت ئیدلب و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەن.

رووداو لە مۆسکۆ بۆچوونی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لەبارەی لووتکەکە وەرگرتووە، ئەوان دەڵێن “هەر سێ وڵات رۆڵی گرنگیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە”. بڕیاریشە دوای لووتکەی سێ قۆڵی، سێ سەرۆکەکە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بۆ تاوتوێی پەیوەندیی نێوانیان ئەنجامبدەن.

رووسەکان چاوەڕێی زۆر شتی گرنگ لەو کۆبوونەوەیە دەکەن، ڤلادیمێر کراڤچێنکۆ، سیناتۆری ئەنجوومەنی فیدراڵیی بۆ سیاسەتی ئابووری دەڵێ “ھەرسێ وڵات، وڵاتی گرنگن و رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، سیاسەتێکی ئاشکرایان ھەیە، بۆیە ئەو لووتکەیە چاوەڕوانی زۆر شتی لێدەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پلان دادەنرێت، کە ھەر وڵاتێک لە چ شوێنێکدا کاربکات کە دواتر ئەوە بەرژەوەندی گشتیی جیھانی تێدا دەبێت”.

دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان پوتین و ئەردۆغان و رووحانی، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەجیا لەگەڵ هەریەک لە رووحانی و ئەردۆغان دووقۆڵی کۆدەبێتەوە، چاوی زیاتر لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و پوتینە، چونکە بەم دواییانە مۆسکۆ و ئەنقەرە لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە سووریا بۆچوونی تەواو جیاوازیان هەبووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی ئارام و پرسی کورد لە سووریا، بابەتی ئیدلبیش بەدرێژایی قەیرانی سووریا خاڵی جیاواز بووە لەنێوان تورکیا و رووسیادا.

فرانس کلینتسێڤیچ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی فیدراڵیی رووسیا دەڵێ “ھەندێک لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و رووسیا دەکرێت ھاوتا نەبن، بەڵام واتای ئەوە ناگەیێنێت تێگەیشتن لەنێوانیاندا نییە، لێکتێگەیشتنی رووسیا و تورکیا وای کردووە کاریگەری داعش زۆر لاواز بێت و، کارێکی ئەوتۆی پێکەوەییان کرد لە سووریا کە سەقامگیری بگەڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ بەرژەوەندیی جیاوازیان ھەیە، پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت بۆ ئەو کارەش خەڵکی تایبەتمەند ھەن”.

بڕیاربوو، گەڕی دوازدەیەمی کۆبوونەوەی ئاستانە لەنێوان لایەنەکانی سووریا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئاستانە ئەنجامبدرێت، بەڵام دواخرا. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند شاندێکی باڵای رووسیا و تورکیا و ئێران بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە، لە پەراوێزی لووتکەی سۆچیدا، پێدەچێت کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە سووریا ئەنجامبدەن، لەژێر ناوی لووتکەی ئەستانە.

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here