روونکردنەوەی پەروەردەی گەرمیان لەبارەی "کوێرکردنی" چاوی قوتابییەکە

0
151

کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان

رووداو – کەلار 

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە کەیسی “کوێرکردنی چاوی قوتابییەکی پۆلی پێنج لەلایەن سێ مامۆستا” بڵاوکردەوە و رایگەیاند، منداڵەکە فێرکراوە بڵێ کوێرکراوە، لەو رۆژەدا کە گوایە مامۆستاکان لە قوتابییەکەیان داوە تەنانەت قوتابخانەش نەبووە.

 په‌يڕه‌و موحسين، قوتابی پۆلی پێنجی سەرەتایی ئەوکاتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “هيچ هاريیه‌كم نه‌كردبوو، يه‌كێك له‌ مامۆستاكان بۆكسێكى لێدام، ئه‌وى ديكه‌شيان كه‌ رۆیشتم بۆ پۆله‌كه‌ى ديكه‌ سه‌رى گرتم و چاوى كێشام به‌ ره‌حله‌كه‌مدا، ئه‌وى ديكه‌شيان كتێبه‌كه‌ى لوول كرد و كێشاى بەناو‌ چاومدا، هيچم نه‌كردبوو هه‌ر سه‌يرى كتێبه‌كه‌م ده‌كرد ئیدی نازانم”.

دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-5-2017) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “دوای ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێنا، رۆژی شەممە لیژنەمان بۆ قوتابخانەکە نارد و، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و شایەدحاڵەکانی ئەو کارەساتە (قسەمان کرد)، بە پشتبەستن بە لیژنەی پزیشکی بۆمان دەرکەوت ئەو بابەتە بوختان بوو”.

باوکی پەیڕەو رۆژی پێنجشەممە سکاڵای لەسەر سێ مامۆستاکە تۆمار کردبوو، بەتۆمەتی لێدان لە کوڕەکەی و زیانگەیاندن بە چاوی.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان جەختدەکاتەوە لەوەی “لە راپۆرتی پزیشکییەکەش دەڵێ: لە ئەنجامی بەرکەوتەی دەرەکی، چقڵ چووەتە چاوییەوە. قوتابییەکەش دانی بەوەدا ناوە، بەڵام کە گەڕاوەتە بۆ ماڵەوە، دوای چەند رۆژێک فێریان کردووە وا بڵێت”. 

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا دارا ئەحمەد سەمین هەروەها دەڵێ “ئەو رۆژەی ئەو کارەساتە روویداوە، تەنانەت قوتابخانەش نەبووە، ئەو قوتابییەش لە قوتابخانە نەبووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لیژنەکە بڕیاریدا دۆسیەکە دابخرێت”. 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here