رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لە بەردەم هەڵوەشانەوەدایە

0
138

یەکدی بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن

رووداو- سلێمانی

رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لە بەردەم هەڵوەشانەوەدایە. هەڵسوڕاوانی گۆڕان، یەکێتی تۆمەتبار دەکەن بە کەمتەرخەمی لە جێبەجیکردنی رێککەوتنەکەدا و دەڵێن یەکێتی پابەندی خاڵەکان و واژۆی خۆی نیە.

یەکێتیش رەخنە لە گۆڕان دەگرن کە میدیای خستوەتەکار بۆ رەخنەگرتن و توانجدان لە یەکێتی بە پاساوی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە، هاوکات بە واژۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکاری پۆستەکاندا رازی نین بە تایبەت لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدا کە گرفتی یاسایی و ئیداری دروستکردووە. 

نزیکەی ساڵێکە رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی واژۆکراوە گۆڕان داوای نیوەی پۆستە ئیداریەکانی سلێمانی ، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دەکات، تا ئیستا 33 پۆست بە گۆڕان دراون. 

کاراکردنەوەی پەرلەمانە لەکارکەوتووەکەی کوردستان، خەریکە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان پەکدەخات. هێشتا مۆمی یەکەم لەسەر کێکی رێککەوتن هەڵنەکراوە کە سکرتێری مەکۆی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان، نوقڵانەی هەڵوەشاندنەوەی لێدا.
 
مەحوی محەممەد، سکرتێری مەکۆی سلێمانی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەوەی ئێستا لە راگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت ، سەرۆکایەتی پەرلەمان کارا دەکرێتەوە بە لابردنی سەرۆکی پەرلەمان ، ئەوە بەپێچەوانەی رێککەوتنەکەیە و کاریگەری لەسەری دەبێت”.

سکرتێری مەکۆی سلێمانی گۆڕان ، گوتی: “چاوەڕێ دەکەین کە بە رەسمی یەکێتی کۆتایی رێککەوتنەکە رابگەیێنێت ، راستە کە بەشێک لە سەرکردایەتی ئەو حیزبە لەگەڵ رێککەوتنەکە نین ، بەڵام بەشێکیان لەگەڵیدان و ئێمە چاوەڕێی ئەو بەشەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە”.
 
گۆڕان لە هەناوی جیاوازی بیر و بڕیاری سەرکردەکانی یەکێتی دروستبوو. ناکۆکییەک کە سەرکردەکانی هەردوولا هەوڵیاندا بە رێککەوتنێکی گشتگیر کاڵی بکەنەوە، کەچی ئێستا بەشێک لە بەرپرسان و کادیرانی یەکیتی هەستدەکەن رێککەوتنەکە لاسەنگی و خۆسەپاندنی لێکەوتووەتەوە و تێیدا رەچاوی بەرپرسیارێتی نیشتمانی یەکێتی ناکرێت.

شەماڵ نامیق، کادیری پێشکەوتووی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “یەکێتی کیانێکی سەربەخۆیە و حیزبێکە خاوەن دیسپلین و ئامانج و ستراتیژی خۆیەتی ، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکە گۆڕان هەرچی بڵێت مافی خۆیانە ئێمەیش مافی خۆمانە بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان ، لە غەیری ئەوە گۆڕان و راگەیاندنەکەیشی مافی ئەوەی نییە هێرشبکاتەسەر یەکێتی و رێگە و خاڵی بۆ دابنێت”.
 
گۆڕان بۆ چارەنووسی رێککەوتننامەکە، چاوەڕێی بڕیاری روونی یەکێتی بوو، بەڵام وەک ئەوەی گوتار و کرداری هاوبەشەکەی وەک یەک نەبینێت، چارەنووسی رێککەوتنەکە دەستپێرێتە دەست جڤاتی نیشتمانی.
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتیمان کردووە ، ئەوان پێشنیازێکیان پێبووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای گشتپرسی بدات، بەڵام ئێمە لەگەڵی نین کە بەو شێوەیە بێت، لە کۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتمانی قسەی لەسەر دەکرێت و بۆ ئەوەی بزانین زۆرینە چۆن بڕیار دەدەن لە مامەلە لەگەڵ رێککەوتنەکەی نێوانمان”.

بەگوتەی بزووتنەوەی گۆڕان، لەکاتێکدا ئیستحقاقیان زیاتر لە 400 پۆست بووە، کەچی یەکێتی لەکۆی 848 پۆست، تەنیا 33 پۆستی پێڕەوا بینیون کە لەوانیشدا کێشە لە دەسەڵاتەکانیان هەیە. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر زۆر پرسی نیشتمانی و چارەنووسسازی وەک گشتپرسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان ، یەکهەڵوێست نین.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here