رەئیسی بۆ پێنجەمجار لەگەڵ مەلا کورد و سوننە مەزهەبەکان کۆبووەوە

0
191

٨

رووداو – هەولێر

رۆژی شەممە 6-5-2017، ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری بناژۆخواز بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ پێنجەمجار لە 15 رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی سوننە مەزهەبی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووەوە و، داوای لێکردن بۆئەوەی کار و کەرامەتیان هەبێت، لە هەڵبژاردنی 19ی ئایاردا دەنگی پێبدەن. 

ئیبراهیم رەئیسی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: پێویستە بێ لەبەرچاوگرتنی سوننە و شیعەبوون هەموو دانیشتووانی ئێران وەک هاووڵاتی کاربکەن، رەئیسی راشیگەیاند: کێشەی سەرەکی سوننە مەزهەبەکانی ئێران کێشەی بێکاری و گەندەڵییە و پێویستە لەنێوببرێت. 

بەڵام پێشێنوێژی بیجار عەبدولسەلام محەممەدی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: کێشەی ئەمڕۆی سوننە مەزهەبەکان لە ئێران بەتایبەت لە پارێزگای سنە هەڵاواردنە. گوتیشی: تاوەکو ئێستا سوود لە بژاردە سوننەکان وەرناگرێت و هەڵسوکەوتی نادروستی بەرپرسان بەرامبەریان بەردەوامە. ئاماژەوەی بەوەشدا جاری وایە هەستدەکات سوننەکان وەک هاووڵاتی پلە دوو و سێ سەیردەکرێن. 

کۆبوونەوە بەردەوامەکانی ئیبراهیم رەئیسی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 7-6-2017، حەسەن رۆحانی، بەربژێرێکی دیکەی دوازدەیەم خولی سەرۆککۆماری ئێران کە ئێستا پۆستەکەی لەدەستە، سەردانی پارێزگاکانی گولستان و ورمێ بکات کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان سوننە مەزهەبن.

بەشێک لە مامۆستایانی سوننە مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: بانگهێشتکردن و بایەخدان بە مامۆستایانی سوننە مەزهەب لەم کاتەدا تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و، پێیانوایە هیچ ئاکامێکی پۆزتیڤی لێناکەوێتەوە و کارنامەی حکومەتی ئێران لە 38 ساڵی رابردوودا لە پێدانی مافی سوننە مەزهەبەکان بە سەرکەتوو لەقەڵەم نادەن.

ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، 15 بۆ 20 لەسەدی دانیشتووانی ئێران موسڵمانی سوننی مەزهەبن. لە 20 ساڵی رابردوودا زۆربەی سوننی مەزهەبەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان داوەتە بەربژێری ریفۆرمخوازان، بەڵام نە ریفۆرمخوازان و نە نەریتخوازان لە کرداردا تاوەکو ئێستا پابەندی بەڵینەکانیان بەرامبەر سوننی مەزهەبەکان نەبوونە.

پێدەچێت ئیبراهیم رەئیسی بیەوێت سیحری دەنگی بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان لە پارێزگا سوننەنشینەکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا بەتاڵ بکاتەوە، بەڵام ئایا بەو گوتارانە تاچەند دەتوانێ سەرکەتوو بێت یان نا، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی دەنگدانی 19ی ئایاری دوازدەیەم خولی سەرۆککۆماری ئێران بین.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here