رەققە و دێرەزوور ئەگەری شەڕی دیمەشق و پەیەدە بەهێزتر دەكەن

0
536

ئەگەری شەڕ و پێكدادانی خوێناوی لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریا هەیە.

رووداو- هەولێر

رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەكانی سووریای دیموكرات كە بە دەستپێشخەری و سەركردایەتی پەیەدە دامەزراوە، رایگەیاند “ئەنجوومەنێكی سیڤیل” بۆ رەققە دادەمەزرێنن، بۆ ئەوەی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە ئیدارەی ناوچەكە بكەن. تەلال سیلۆ، گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش دەڵێت، ئەوان پێشتریش ئیدارەی شارە ئازادكراوەكانیان داوەتە دەست ئەو جۆرە ئەنجوومەنە.

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كە گەورەترین گرووپی نێو هێزەكانی سووریای دیموكراتن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هێزە عەرەبییەكانی نێو (هەسەدە) پێشەنگی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی رەققە دەبن و لە دوای ئازادكردنی شارەكەش، خەڵكی عەرەبی رەققە حوكمی شارەكە دەگرنە دەست، بۆ ئەوەی ئەگەری ململانێ و پێكدادانی كورد و عەرەب نەمێنێ. بەڵام بەرپرسانی پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) نایشارنەوە كە دەیانەوێ رەققە ببێتە بەشێك لە “سیستەمی فیدراڵی دیموكراتی” لەبەر ئەوەی بە گوتەی بەرپرسانی (پەیەدە) پڕۆژەكەی ئەوان بۆ هەموو سووریایە و رەققە دەكرێ بەشێك لەو پڕۆژەیە بێ.

ئەوە یەكەمجار نییە هێزەكانی سووریای دیموكرات بیر لە پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیڤیل بكەنەوە، بەڵكو پێشتر لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووش ئەنجوومەنی سیڤیل بۆ پارێزگای دێرەزوور دامەزرێنرا كە لە باشووری رۆژهەڵاتییەوە 90 میل لە رەققە، پایتەختی داعش، دوورە.

تاكە ئەنجوومەنی سەربازی كە بە كردەوە دامەزرێندرابێ، ئەنجوومەنی سەربازیی منبجە كە لەپاش كۆنترۆڵكردنەوەی منبج لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە ئیدارەی شارەكە دەكات. بەڵام كێشەكە هەر بە گرتنەوەی رەققە یان دێرەزوور و ئیدارەكردنی لەلایەن هێزە عەرەبییەكانی ناوچەكەوە كۆتایی نایەت. لەبەرئەوەی هێزەكانی لایەنگری ئەسەد لە نێوەڕاستی سووریا لە دژی چەكدارانی داعش لە پێشڕەویدان. بوسەینە شەعبان، گوتەبێژی بەشار ئەسەد، بە ئاژانسە رووسییەكانی راگەیاندووە “هێزەكانی حكومەت بەردەوامی بە پێشڕەوییەكانی خۆیان لە ناوچەكانی دیكەش دەدەن، لەوانەش دێرەزوور و رەققە”.

ئەستەمە هێزەكانی لایەنگری حكومەت بە پشتیوانیی رووسیا بتوانن پێش هێزەكانی سووریای دیموكرات رەققە كۆنترۆڵ بكەنەوە، چونكە ئێستا هێزەكانی سووریای دیموكرات لە شاری تەبقەن لە رۆژئاوای رەققە. دوایین جاریش كە هێزەكانی حكومەت هێرشیان بۆ سەر رەققە كردبێ لە حوزەیرانی 2016 بوو، بەڵام دوای ئەوەی داعش پێگەكانی خۆی لە تەبقە بەهێز كرد، هێزەكانی ئەسەد ناچار بە پاشەكشێ لە ناوچەكە بوون.

لەگەڵ دەركردنی داعش لە رەققە، رەنگە هێزەكانی لایەنگری حكومەت كێشە بۆ مەشرووعییەتی ئەنجوومەنی سیڤیلی هەسەدە لە ناوچەكە دروست بكەن. دیاریش نییە ئەمریكا هەتا چەندە ئامادەیە پاش یەكلابوونەوەی كێشەی داعش لە رەققە لە بەرامبەر هێزەكانی ئەسەد پشتگیری لە هەسەدە بكات، لە كاتێكدا هەتا ئێستاش بەهۆی مووشەكبارانكردنی بنكەی سەربازیی شوعەیرات لە رۆژئاوای سووریا، كێشەی سەخت لە نێوان ئەمریكا، رووسیا و سووریادا هەیە.

داهاتووی دێرەزوور

داهاتووی دێرەزوور یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان حكومەت و هێزەكانی سووریای دیموكرات دەبێ. لەو ناوچەیەدا چاوەڕێی سێ ئەگەر دەكرێ:

یەكەم: داعش داڵدەی بنكە سەربازییەكەی حكومەتی سووریا لە شاری دێرەزوور بدات، ئەمەش بەرلەوەی دواجار هێزەكانی سووریای دیموكرات شارەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە. 

بەگوێرەی راپۆرتێكی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی، لە چەند هەفتەی رابردوودا داعش بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و چەكداری لە رەققەوە بۆ دێرەزوور گواستووەتەوە. راپۆرتەكەی (فۆكس) لەسەر زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا ئاشكرای دەكات “لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای داعش رەققەیان بەرەو دێرەزوور جێهێشتووە”. فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا جەختیان لەوە كردووەتەوە كە بەرپرسانی داعش لە رەققە شارەكەیان جێهێشتووە.

دووەم: هێزەكانی سووریای دیموكرات چەكدارانی داعش لە دێرەزوور دەربكەن و ئەنجوومەنی ئیداریی خۆیان لەشارەكەدا دامەزرێنن، بەبێ ئەوەی هێزەكانی حكومەت لە شارەكە دەربكەن. بەم شێوەیەش شارەكە لە نێوان هێزەكانی حكومەت و هەسەدەدا دابەش ببێ. وەكوو چۆن هێزە كوردییەكان لە گەڕەكی شێخ مەقسوود لە باكووری حەلەب هەن و لە كانوونی دووەمی رابردوودا حكومەتی سووریا هۆشداریی دا كە یان شوێنەكە چۆڵ بكەن، یان هێزەكانی خۆیان بێننە ژێر چەتری هێزەكانی حكومەت. 

سێیەم: سیناریۆی سێیەم ئەوەیە هێزەكانی لایەنگری رژێم بەر لە (هەسەدە) بگەنە دێرەزوور و پاش دەركردنی داعش كۆنترۆڵی هەموو شارەكە بگرنە دەست. وەكوو چۆن هێزەكانی سووریای دیموكرات بەنیازی كۆنترۆڵكردنەوەی جەرابلوس و ئەلباب بوون، بەڵام ئەو هێزانەی توركیا پشتگیریی دەكردن، پێش هەسەدە دەستیان بەسەر شارەكەدا گرت. 

ئەگەر هێزەكانی سووریای دیموكرات بتوانن رەققە و بەشێك لە دێرەزوور كۆنترۆڵ بكەن، دوور نییە ئەم دوو ناوچەیە وەكوو كارتی گوشار لە دانوستاندنەكانیان لەگەڵ حكومەتی سووریا بەكاربهێنن. دوور نییە پەیەدە رازی بێ بەوەی ئەو دوو ناوچەیە رادەستی دیمەشق بكاتەوە، ئەگەر حكومەتی سووریا رازی بێ بەوەی دان بنێت بە سیستەمە فیدراڵییەكەی پەیەدە لەسەر بنەمای كانتۆن. 

حكومەتی سووریا سیستەمە فیدراڵییەكەی باكووری سووریا وەكو حاڵەتێكی كاتی و تێپەڕ ناودەبات. ئەگەر هێزەكانی سووریای دیموكرات بە سەركردایەتی پەیەدە بتوانن رەققە و دێرەزوور كۆنترۆڵ بكەنەوە، دەتوانن ئەو ناوچانە بۆ رێگریكردن لە هێرشەكانی حكومەت بۆ سەر كانتۆنەكان بەكاربهێنن، هەروەها قووڵاییەكی ستراتیژیشیان پێدەبەخشێ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەرپەرچی هێرشەكانی توركیا لە سنوورەكانی باكووری سووریا بدەنەوە. شارەكانی كۆبانێ و قامشلو لە سنوورەكانی نێوان توركیا و سووریا نزیكن، هەر بۆیە لە داهاتوودا دەكرێ ببنە ئامانجی تۆپخانە و بۆردومانی توركیا. بۆیە ئەگەر ناوچەكانی خوارەوەی رۆژئاڤا بەدەست هێزێكی نزیك لە پەیەدە بێ، ئەوە هێزەكانی پەیەدە و هەسەدە دەتوانن لە كاتی هێرشەكانی توركیادا بۆ ئەو ناوچانە پاشەكشە بكەن و لەوێوە هێرشی پێچەوانە بكەن. دوور نییە هێزەكانی هەسەدە و یەپەگە لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەو جۆرە سیناریۆیە ئامادە بكەن.

لە هەموو حاڵەتەكاندا، ئەگەر چارەنووسی ئەو ناوچانە لە نێوان حكومەتی سووریا و هەسەدەدا یەكلایی نەكرێتەوە، ئەگەری شەڕ و پێكدادانی خوێناوی لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریا هەیە.

*پۆل ئیدن، شرۆڤە و راپۆرت بۆ بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی رووداو ئامادە دەكات.



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here