زەریف لە بەغدا: رێگە نادەین کەس دەستوەربداتە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق

0
33

وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە

رووداو – هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەغداوە رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ کەس دەستتێوەردان بکات لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران. 

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق و سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات. لە دەستپێکی سەردانە چوار رۆژییەکەیدا بۆ عێراق، زەریف لەگەڵ محەممەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ هاوشانە عێراقییەکەی جەختی لە  سەر پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات کردەوە. 

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی “ئێران و عێراق مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە، خەڵک پەیوەندی زۆر نزیکیان هەیە، ساڵانە خەڵکی عێراق پێشوازی لە ملیۆنان ئێرانی دەکەن و خەڵکی ئێرانیش پێشوازی لە ملیۆنان عێراقی دەکەن. ئەم پەیوەندییانە زۆر بەهێزن و ناکرێت دەستتێوەردانیان تێدا بکرێت. ئەو پەیوەندییانە زیان بە هیچ کەس ناگەیێنێن و رێگەش نادەین هیچ کەس دەستوەربداتە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران”.

لەبارەی ئەجێندای سەردانی شاندە ئێرانییەکە بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەری بەشدارییکردنە لە کۆنفرانسی بازرگانیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە لەگەڵ  هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئابووری هاوبەشی نێوان بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراقی و ئێرانیدا دەکات، کە لەلایەن وەزیری بازرگانی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تێیدا زەریف گوتەیەک پێشکەش دەکات.

وەکو باڵیۆزخانەی ئێران ئاماژەی بۆ کردووە، رۆژی سێشەممەش محەممەد جەواد زەریف سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، دواتر سەردانی سلێمانی دەکات و بەشداریش لە کۆنفرانسێکی ئابووری هاوبەشی نێوان بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات.

هەرێمی کوردستان بۆ ئێران جیا لە رووە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکەیەوە، لە رووی بازرگانییشەوە بۆ ئەو وڵاتە گرنگە؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە.

دوای سەردانەکەیشی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەچێتە کەربەلا، رۆژی چوارشەممەش بەشداریدەکات لە سێیەمین کۆنفرانسی نێوان وەبەرهێنەرانی ئێرانی و عێراقی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، دواتر سەردانی نەجەف دەکات و رۆژی پێنجشەممەش دەگەڕێتەوە ئێران.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here